حەفتەی دادێ، گۆڕان و یەکێتی سەردانی پارتی دەکەن؛ گۆڕان ئامادەیە بە گوێرەی سەنگی پارتی، هەقەکەی بداتێ

سلیمانی _kdp.info_ سەرۆكى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیار بوو ئەم حەفتەیە شاندی دانوستانکەری یەکێتی و گۆڕان سەردانی لایەنەکانی تر بکەن، هەتا لە حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانیدا بەشی ئەوانیش بدەن، بەڵام دیارە خستوویانەتە حەفتەی دادێ. بە قسەی ئەو بەرپرسە، گۆڕان ئامادەیی خۆی پیشان داوە، یەک لەسەر 10ی پۆستەکان، بدرێتە پارتیی دیموکراتی کوردستان و، یەکێتییش ناڕەزایەتیی دەرنەبڕیوە.
(زیاد کاکەڕەزا) سەرۆكى فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی شاندی ھاوبەشی گۆڕان و، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانیدا؛ بڕیاریش بوو ئەم حەفتەیە بێنە سەردانمان، بەڵام هێشتا نەهاتوونە."
(زیاد کاکەڕەزا) گوتیشی: "گۆڕان مەناعەتی نییە دە یەکی پۆستەکان بداتە ئێمە، کە دەکاتە سەنگەکەی خۆمان لە هەڵبژاردنەکەدا؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەنگی نەکردووە."
سەرۆكى فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان، دەیشڵێت: "با جارێ لەگەڵ هەردوو لایەنەکەدا قسە بکەین و، بزانین هەقەکەی خۆمانمان پێ دەدەن یان نا، ئینجا بڕیار دەدەین لە حکوومەتەکەی سلێمانیدا بەشدار دەبین یان دەبینە بەرهەڵست و ئۆپۆزسیۆن."
(زیاد کاکەڕەزا) وای دەبینێ شاندەکەی یەکێتی و گۆڕان، حەفتەی دادێ بگەنە جێ و، لەگەڵ پارتیدا سەری باسەکە دابهێنن.
بڵند ئیبراھیم




