ئەمڕۆ پرسەیە لە سەرانسەری فەرەنسادا

فەرەنسا-KDP.INFO- ماڵپەڕی دەیلیمەیلی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی پۆلیسی فەرەنسا وێنە و ناوی دوو برا کڵاوڕەشە تاوانبارەکەی بڵاو کردووەتەوە؛ شەریف کواچی 32 ساڵانە و، سەعیدی برای 34 ساڵان؛ هەردوو براکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری (ڕێمس)ـی فەرەنسا دادەنیشن.
حەمید مراد (18 ساڵانە)، ئەویش لەو کارەدا دەستی هەبووە و، دوێشەو دەستگیر کراە.
دوێشەو پۆلیس دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان و پشکنین، بە تایبەتی لە ڕۆژهەلاتی شاری ڕێمس کە دژەتیرۆری (ئێلیەت)یش بەشداری کردوە بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکان. خەڵکیش بۆ ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، لە زۆربەی شارەکانی فەرەنسا کۆ بوونەوە و، تا ئەم بەیانییە نووچیان نەداوە؛ بە لافیتەی (من چارلیم) پیشتیوانییان دەربڕیوە.
ماڵپەڕی (بیبیسی بەریتانیا) نووسیویەتی ئەمرۆ پرسەی هەمووانییە لە سەرانسەری فەرەنسا؛ لە مێژووی ئەو پەنجا ساڵەی فەرەنسا، ئەوە پێنجەم جارە کە فەرەنسا دەیکاتە پرسەی هەمووانی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بیبیسی لە کوژراوەکان، هەشتیان ڕۆژنامەنووسن؛ یەکێکیان سەرنوسەری گۆڤاری (ستیڤان) بووە و، سێانیشیان کاریکاتێرکێش بوونە؛ میوانێکی ڕۆژنامەکە و دوو پۆلیس و، وەستایەکیش کوژراون.
جێی باسە سەرۆکی فەرەنسا گوتی کولتووری وڵات بۆ ئازادی ڕادەڕبڕین هێرشی کرایە سەر، ئەمرۆ هەموو فەرەنساییەکان پێکەوە دژی تاوانباران دەوەستنەوە. هەر لە دوای ڕووداوەکەش دەیڤد کامیرۆن و ئەنگڵا مێرکڵ و کۆشکەسپی و، زۆربەی وڵاتانی جیهان و، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیش، ئەو کارەیان بە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانە ناو برد و، خۆیان بە شەریکی خەمیان زانی.
و/ خالید ئەحمەد




