سەرکردەیەک و شانزە چەکداری داعش کوژران؛ داعش 20 گەنج و چوار شارەزای بواری نەوتی گوللەباران کرد

مووسڵ ـ kdp.info ـبەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوێنێوە سەرکردەیەک و، شانزە چەکداری داعش کوژراون؛ ئەوانیش بیست هەرزەکار و چوار نەوتشناسیان گوللەباران کردووە و، لەترسی ھێرشی ھێزی پێشمەرگەدا پردێکیشیان تەقاندووەتەوە.
عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێشەو 12 تەرمی چەکدارانی داعش گەیشتوونەتەوە ناوچەی ڕەشیدیە لە مووسڵ؛ هەردوانزەکەیان لە شەڕی پێشمەرگەدا کوژراون."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی: "داعش، پردی شندوخەی لە نزیک ناوچەی کەسک تەقاندەوە، لە ترسی ئەوەی نەکا ھێزی پێشمەرگە لەوێیشەوە ھێرشیان بکاتە سەر."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕایشیگەیاند: "چەکدارانی داعش دیسان چوونەتەوە سەروەختی لقی دوانزەی بانکی ڕافیدەین لە مووسڵ و، بڕیویانە؛ چی پارەی خەڵک و حکوومەتی تێدا بووە، بردوویانە."
دەڵێ لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە پیکابێکدا لە ناوچەی قەوسیاتی مووسڵ سێ چەکداری داعش کوژران.
(ڕەجەب) ڕوونیشی کردەوە کە چەکدارانی داعش بیست هەرزەکاریان لە شارەدێی حەمام عەلیل، لە باشووری مووسڵ گرتووە و، هەر لەوێ داویاننەتە بەر دەسڕێژی گوللە.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "نیشانشکێنەکانی کەتیبەکانی مووسڵ، لەسەر ڕێگای گۆگجەلیل، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی دۆشکەلەپشتی و، کوشتیان. هەر دوێنێیش چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ سەرکردەیەکی دیاری داعشیان کوشتووە؛ ناوی کابرا (ئەحمەد جاسم شەھاب جواری) بووە، کە بە (فیراس جەرجەری) ناوی ڕۆیشتبوو."
ئەو چوار نەوتشناسەیش کە داعش کوشتوونی، لە دەزگایەکی بەرھەمهێنانی نەوتدا کاریان دەکرد لە مووسڵ.
بڵند ئیبراھیم




