پەرلەمانتارانی کورد لایەنگرانی مالکی-یان بێدەنگ کردن

بەغدا-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (شاخەوان عەبدوڵڵا) رایگەیاند کە، ئەمڕۆ 3 پەرلەمانتاری لایەنگری (مالکی) رەخنەیان لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و عێراق گرت، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد لێیان هاتنە دەنگ و بێدەنگیان کردن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تەنھا سێ ئەندامی لیستی دەوڵەتی قانوون کە دارودەستەی نوری (مالیکی) بوون، دژایەتی خۆیان بۆ رێککەوتنی نێوان ھەرێم وبەغدا راگەیاند و دەیانەویست شەقام بجوڵێنن، بەڵام پەرلەمانتارە کوردەکانیش وڵامیان دانەوە و بێدەنگیان کردن.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، تەواوی فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ھەرێم وبەغدا کراوە، جێ بەجێ بکرێت.
لای خۆشییەوە پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسایا بودجەی گشتیی عێراق کرا و سبەینێش دەست بە گفتوگۆ دەکرێت کە 70 پەرلەمانتار ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی قسە لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە بکەن، کە ئەمەش کاتی دەوێت. هەروا گوتیشی، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەبارەی بودجەەوە بەردەوام دەبن، تا پەسەند دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




