هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەغدا بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکات..هەروا وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمیش رایگەیاند کە، تا پەسەندکردنی بودجە بەغدا 750 ملیار دینار وەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکات.
پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتیى دیموکراتى کوردستانی راگەیاند، وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەشە بودجەی کوردستان کە یەک لەسەر 18ی بوودجەی 2013 لە لایەن بەعدا بۆ هەرێمی کورستان رەوان بکرێت، یەکەم وەزارەتیش کە مووچەی مانگی 11-ی پێدەدرێت وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، پاشان وەزارەتەکانی دیکە. هەروەک گوتی کە وا بڕیاریشە تاوەکو بودجە پەسنددەکرێت، حکوومەتی عێراق، مانگانە 750 ملیار دینار رەوانەی کوردستان بکات.
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، لە رۆژانی پێشوودا بۆ بە دواداچوون لەسەر مووچە، سەردانی وەزارەتی دارایییم کرد، بڕیاربوو ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی بکەن، بەڵام هەفتەی داهاتوو لە داهاتی ناوخۆیی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، هەموو هەوڵەکانی حکوومەت بەو ئاراستەیە مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت، هاتنی بەشێک لە بوودجەی عێراقیش هاوکاریەکی باش دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
هاوکات بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە هەن، لە جیاتی ئەوەی کە بەغدا مانگانە 850 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، کەچی 540 ملیار دینار رەوانە دەکات.
هۆکاری نەناردنی ئەو 310 ملیار دینارە بۆ لێکدانەوەی هەڵەی حکوومەتی ناوەندی دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
پیوەست بەم پرسەیش وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان (ڕێباز محەمەد حەملان) لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو زانیاریەی پپشتراستکردەو و رایگەیاند، ئێمە لە وەزارەتی دارایی مانگانە 850 ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەکەین، بەڵام حکوومەتی ناوەندی بەپێی خەمڵاندنی خۆی پارەی مووچەی بۆ کوردستان داناوە کە 540 ملیار دینارە، ئەوەش کورتهێنان بۆ ئێمە دروست دەکات.
(ڕێباز محەمەد) گوتیشی، کێشەکە ئەوەیە لەو پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت بە هەمان شێوە 540 ملیار بۆ مووچەیە نەک 850 ملیار دینار.
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رونیشیکردەوە" بڕیارە تا بوودجە پەسند دەکرێت، بەغدا مانگانە 750 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
یەحیا سابیر




