تورکمانەکان داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن نامە حەوتخاڵییەکەی سەرۆک بارزانی بە زووی جێبەجێ بکەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیستی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان (مونا نەبی) رایگەیاند کە، ئەوان وەک لیستی پێشکەوتنی تورکمانی و پارتی چاکسازی، جەخت لە جێبەجێکردنی نامە حەوتخاڵییەکەی (سەرۆک بارزانی) دەکەن کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە و، ئەمە پرسێکی نیشتمانی ناو دەبەن و؛ داوایش لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن بە زووی ناوەڕۆکی نامە حەوتخاڵییەکە جێبەجێ بکات.
سەرۆكی لیستی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان (مونا نەبی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت "سەبارەت بەو نامە حەوتخاڵییەی كە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بۆ یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و بە نیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگە، ئیمە وەكو لیستی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان و پارتی چاكسازی، پشتگیری لە نامە حەوتخاڵییەکەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان دەكەین و دەبێ هەموو لایەنەكان ئەم راستییە بزانن كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی نیشتیمانییە بۆ پاراستی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون. كاتێت بە شێوەیەكی فەرمی هەموو پێشمەرگەكان لەسەر بنەمای ئەو نامە حەوتخاڵییەی (سەرۆك) یەكدەگرنەوە، ئەوكاتە كوردستان بەهێزتر دەبێت. ئێمە پێداگرین لە جێبەجێكردنی ئەو نامەیە، هیواداریشین کە بە زووترین کات وەزارەتی پێشمەرگە بە رۆڵی خۆی هەڵسێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە".
(مونا نەبی) ئاماژەیشی کرد کە، سەرۆكی هەرێمی کوردستان، وەک سەرۆکی پارتێک رەفتار ناکات، بەڵکە وەک سەرۆکی هەرێم فەرمان دەدات و بەو پەڕی جیددیەوە لە خەمی پرسی نیشتمانییە و؛ پێویستیشە هەموومان دڵسۆزانە پشتگیری ئەو هەوڵە بکەین.
سەرباز واحد




