وەزارەتی دارایی: ئەم مانگە پشکی هەرێم رەوانە دەکەین..مووچەی فەرمانبەران دێت

بەغدا-KDP.info-سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، ئەم مانگە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت و لەو پارەیەش ئیدی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ببرێت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە لەم مانگەدا تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند دەکرێت، 1 لەسەر 12-ی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق رەوانە بکەن، بەڵام بڕەکەی دیاری نەکرد کە چەندێکە، چونکە وەک رایگەیاند کە لەو رۆژانەدا ئەو بڕە پارەیە دیاریدەکەن و دواتر رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکەن.هەروا سەرچاوەکە ئەوەیشی گوت کە ئیدی هەرێم دەتوانێ لەو بڕە پارەیە مووچەی فەرمانبەرانی لێ خەرج بکات.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەرێمی کوردستان رۆژانە550 ھەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە دەکات و، بەغداش پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق رەوانە دەکات.
بڵند ئیبراھیم




