عەلی حوسێن: ئەو 300 چەکدارە عەرەبەی داعش لێی دابوون، ئێستا لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدان... نۆ بەشی خەڵکی مەخموور گەڕاونەتەوە

مەخموور_ kdp.info _ بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر باسی سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە دەکات لە سنووری مەخموور و گوێڕ و، دەڵێ شکستی داعش لە مەخموورەوە دەستی کرد؛ "ئێمە شەڕی کورد و عەرەب ناکەین، بەڵام ئەوەی دەستی لەگەڵ داعشدا بووبێت و بیبێت، سڵی لێ ناکەین."
عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕە فەرمییەکەی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش کە پەلاماری ھەرێمی کوردستانی دا، لە گوێڕ و مەخموورەوە هات؛ هەر لەوێیشەوە پێشمەرگە، تووشی نەهاتی کردن و، تاکوتەرا دوو سێ گوندێک نەبێ، پێشمەرگە هەرهەموو دەڤەرەکەی ئازاد کردووەتەوە. لەو شەڕەدا بە ڕێکخستەکاندا چووینەوە و، فەرماندەی بەدەستوبردی بۆ دیاری کرا."
(عەلی حوسێن) گوتیشی: "خۆی هەتا بە تەواوەتی داعش دەردەپەڕێنین، دەشێ چەند شوێنێکی گرنگی عەرەبنشینیش بگرین؛ قەراج ھەمووی ئازاد کراوەتەوە، لە مەخموورەوە تا دێتەوە سوڵتان عەبدوڵا و، گرد شەعیر و، دۆڵی غەراب، هەموو بە دەستی پێشمەرگەوەیە؛ زۆریش گرنگە، ئاخر لە سەرچاوکەی ئاوی مەخموور لە پردی گەیارەوە نزیکە؛ جاران خاڵی لاوازی ھێزی پێشمەرگە ئەوە بوو، بەلام نەمان."
بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ــ کە خۆیشی لە زۆرینەی شەڕەکاندا بەشدارە ــ ڕوونیشی کردەوە کە ئەو چەند گوندەیش ماون، بەو نزیکانە ئازادیان دەکەنەوە.
داعش لەوێ خراپ شکاوە، ئەوەتا هەر لە سنووری مەخمووردا زیاتر لە 20 دۆشکە و، نزیکەی 40 بیکەیسی و، کۆمەڵێ ھاوەن و، بەرپەرچک (مەدفەعیە) و، تانک و، زرێپۆش و، ھەمەریان لێ بەجێ ماوە، یان سووتاوە. 4 ترۆمبێلیشیان لێ سووتێندراوە، یاخود کەوتووەتە دەستی پیشمەرگە. باسی تەرمە بەجێماوەکانیشیان هەر مەکە. شکەستێکی گەورەیان لە پێشمەرگە خواردووە."
(عەلی حوسێن) ڕایشیگەیاند: "بەشێک لە عەرەبەکانی ناوچەکە وا ئاوارەی ھەولێر بووبوون، وا گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان؛ پێشمەرگە هەم لەگەڵ ئەوانەدا باشە و، هەم لەگەڵ ئەوانەیشیاندا وا شوێنی خۆیانیان بەجێ نەهێشتبوو؛ ئێمە عەرەب و داعش ناکەینە یەک، نایشمانەوێت شەڕی کورد و عەرەب بخەینە ڕێ و، کێشەیشمان لەگەڵ عەرەبدا نییە، بەڵام ئەوەی لەگەڵ داعش بێت یان بووبێت، وەکو داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و، زانیاریشمان ھەیە کێ دەسکیسیانە."
گوتیشی ئەو 300 چەکدارە عەرەبەی داعش لێی دابوون، ئێستا لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا شەڕی داعش دەکەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئێستا نۆ بەشی خەڵکی شارۆچکەی مەخموور گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان. گوندەکان لەبەر ئەوەی هێشتا ئاو و کارەبایان نییە، جارێ خەڵکەکەیان نەگەڕاونەتەوە. گوێڕیش لەبەر ئەوەی ها لە پاڵ ئاوەکەدا و، لە بەر سیرەی نیشانشکێنەکانی داعشدایە، هێشتا هەر چۆڵە.
دوا قسەیشی ئەوە بوو کە ھێزی پێشمەرگە بە ورەیەکی بەرزەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدانە و، ھەر کاتێک فەرمانیان پێ بکرێت دەچنە پیشەوە.
بڵند ئیبراھیم




