سه‌عات یەکی ئەم نیوەڕۆیە، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ تاوتوێکردنی بوودجه كۆ ده‌بێته‌وه

بەغدا ــ KDP.info ــ بە گوتەی ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، په‌رله‌مانتاره كورده‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌غدا و، سەعات یەکی ئەم نیوەڕۆیە لەگەڵ نوێنه‌رەکانی تردا کۆ دەبنەوە و، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی 2015ـی عێراق ده‌كەن.
(نه‌جیبه نه‌جیب) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر لیستی پارتی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "لیژنه‌ی دارایی ڕاپۆرتی خۆی له‌سه‌ر بوودجه ئاماده كردووه و، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش سەعات یەکی ئەم نیوه‌ڕۆیە، تاوتوێی دەکا و، نوێنەران خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ دەکەن؛ لایەنەکان لێک حاڵی بوونە و، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا 20ـی ئەم مانگە، بوودجەکە په‌سه‌ند بکەن."
(نه‌جیبه) گوتیشی: "بوودجەکەی ئەمساڵی عێراق له ساڵان جیاوازه و، زۆربه‌ی تێبینی و مه‌رجه‌كانی كوردی تێدا ڕەچاو کراوە، ئاخر پێشوەختە سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و، هیی عێراق، لەسەری ڕێک کەوتبوون."
ڕابین شێروانی




