دوای ڕزگاركردنیان لە دەستی داعش (وادی و تل)ـەكان بكەنەوە (دۆڵ و گرد)

دڵشاد مستەفا وەسانی
ئەو ناوچانەی دەستی تەعریبیان گەیشتووەتێ، وەها شێوێندراون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كاریگەریی ئەو شێواندنە هەر وەك خۆیەتی و، دەیان ناوی عەرەبی لەو شوێن و ناوچە جیاجیایانە نراون؛ بەڵام سەیرەکە بە لای منەوە ئەوەیە، كە زۆر لەو ناوچانەی لە دەستی داعش ڕزگاركراون، هێشتا هەموومان بەو ناوە عەرەبیانەوە دەیانڵێینەوە، بە تایبەتیش داموودەزگاكانی ڕاگەیاندن، كە ڕۆڵێكی سەرەكی لە هێشتنەوەی ئەو ناوانە، یان نەهێشتنیان لەسەر زاری خەڵك دەگێڕن، وەك (وادی...) و (تل...) و، دەیان ناوی دیكەی شار و شارۆچكەكان. بۆیە پێویستە، هەموو ئەو ناوانەی تەعریب لەو شوێنانەی كوردستانی ناوە، زوو لا ببرێن و، ناوە ڕەسەنەکەی جارانیان بۆ بگێڕینەوە، چونكە بەر لە تەعریب ناوی دیكەیان هەبووە، ڕەنگە هەبن بڵێن، ناكرێ ناو وەربگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی، بەڵام خۆ دەكرێ (وادی و تل) ـەكان بكەینەوە دۆڵ و گرد، نموونەی زیندووشمان هەیە، كە هۆیەكانی ڕاگەیاندن توانیویانە ناوە ڕەسەنەكە بژێننەوە، كۆبانێ لەلایەن ڕژێمی سووریا و بەهۆی بەعەرەبكرنەوە كرایە (عینالعرب) بەڵام ئێستا هەموو جیهان پێی دەڵێ كۆبانێ، لە سەرەتای داگیركردنی ئەو شارە لە لایەن داعشی درێژەپێدەری تەعریب، میدیای عەرەبی زۆر هەوڵی دا ناوی (عینالعرب) بەكاربێنێ، تەنانەت لەبەر زاڵبوونی كۆبانێ بەناچاری لەگەڵ (عینالعرب) (كۆبانێ) شی بەكار دەهێنا (عین العرب؛ كۆبانێ)، ئێستا میدیای توركی و جیهان كۆبانێ بەكار دەهێنن، بۆیە دەكرێ كار لەسەر ئەو ناوانە بكرێ و، میدیا ناوە ڕەسەنەكان بەكار بێنێتەوە و، بیانكاتەوە بە ناوی باوی سەر زاری خەڵك؛ دەکرێ بڕیاری ڕەسمیشی بۆ دەربچێت، بەڵام هێشتا ئەركە سەرەكییەكە، هەر دەكەوێتەوە سەر میدیا، بۆیە باشتروایە تا زووە (وادی و تل)ـەكان بكرێنەوە دۆڵ و گرد




