بەریتانیا یاسایەکی نوێ بۆ قوتابیان دەردەچوێنێت

بەریتانیا-KDP.info-وەزیری ناوخۆی بەریتانیا (سێریسا مەی) پڕۆژەیاسایەکی ئامادەکردوە، کە قوتابیانی نێودەوڵەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا ناچاردەکات لە دوای تەواوبونی کۆرسی خوێندنەکەیان بەریتانیا بەجێ بهێڵن، هەر قوتابیەک بیەوێت درێژە بەمانەوەی بدات دەبێت ل ەدەرەوەی بەریتانیا داوای ڤیزەی کارکردن بکات و ئەوکاتیش بەپێی پێویستی و لێهاتویی لەسەر داواکەی بڕیاردەدرێت.
ماڵپەڕی (تەلیگرافی بەریتانیا) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی وەزیری ناوخۆ لە پەرلەمانی وڵاتەکەی بەرگری لەو ڕەشنوسە یاسایە کردووە. پێی وابووە ئەویاسایە پێویستیە، چونکە داتاکان نیشانیان داوە هەر ساڵێک هەزاران قوتابی دەمێننەوە لە دوای تەواوبونی کۆرسی خوێندنەکانیان و، هۆشداریداوە تاساڵی (2020) ڕێژەی قوتابیانی نێودەوڵەتی لەبەریتانیادا بەرز دەبێتەوە بۆ (600000) شەست سەد هەزار قوتابی لەساڵێکدا.
تەلیگراف نوسیویەتی: وەزیری ناوخۆ سوربووە لەسەر گۆڕینی سیستەمی پەنابەران، دڵنیایشی داوە کە بەریتانیا هەردەم بەخێرهاتنی درەوشاوەترین و باشترین تواناکان دەکات بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە.
جەیمس دایسۆنی بەریتانیایی داهێنەر و بەتوانا لەبازرگانیدا گوتی ئەو یاسا تازەیە زۆر درێژەی نابێت، چونکە زیان بە ئابووری بەریتانیا دەگەێنێت.
لە ئێستادا نوێترین داتا نیشانیداوە کە لەیەک ساڵدا (121000) قوتابی لەدەرەوەی یەکیەتی ئەوروپاوە هاتونەتە بەریتانیا بە مەبەستی خوێندن، لەوانە تەنیا (50000) پەنجا هەزار قوتابی دوای تەواوبونی کۆرسەکەیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان ئەوانی دی بە نایاسایی ماونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەلیگراف قوتابیانی دەرەکی کرێی خوێندنیان بۆیەک ساڵ لەزانکۆکانی بەریتانیا سێ ئەوەندەی قوتابیانی ناوخۆیە. هەڵبەتە ئێستاکە کرێی خوێندن بۆ قوتابیەکی ناوخۆی بەریتانیا نزیکەی (9000 پاوەندە).
و.خالید ئەحمەد




