واشنتن..نوێنەری حکوومەتی هەرێم دەستبەکار بوو

واشنتن-KDP.info-بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (فەلاح مستەفا) لە سەردانێكی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، سەردانی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی لەو وڵاتە کرد و بە فەرمی دەستبەکاربوونی خاتوو (بەیان سامی) وەک نوێنەری حکوومەت لە ئەمریکا راگەیاند.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە تەواوی كارمەندانی نوێنەرایەتی حكوومەت ئامادەبوون بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پیرۆزبایی لە خاتوو (بەیان) كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەو ئەركە نوێیەدا و ئاماژەیشی بە گرینگی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد و گووتی كە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە ئەمریكا گرینگی خۆی هەیە و پێویستە بەردەوام بن لەسەر كاركردن بۆ زیاتر پتەوكردنی پێوەندیە ستراتیژیەكانی نێوان هەردوولا لە تەواوی بوارە جیاوازەكاندا.
خاتوو (بەیان سامی) نوێنەری حكوومەتی هەرێم گووتی، شەرەفمەندم بە دەست نیشان كردنم وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمریكا و بەهۆی بوونی تیمێكی چالاك لە نوێنەرایەتی ئەركەكەمان ئاسانتر دەبێت و هیوادارم وەك تیمێك بەیەكەوە كاربكەین بۆ زیاتر لە یەكتر نزیك كردنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكان.
هەر لە هەمان ڕۆژدا بەرپرسی پێوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری خاتوو (بەیان سامی) نوێنەری حكوومەتی هەرێم سەردانی باڵێۆزخانەی عێراقیان كردوو لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن (لوقمان فەیلی) دیدارێکیان سازکرد. لە دیدارەكەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی هەماهەنگیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسەكانی پێشمەرگە و بودجە و هەناردەكردنی نەوت و پێوەندی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هاوكات باڵیۆزی عێراق ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا.
جێی ئاماژەیە کە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری و پشتگیری لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشكەش بە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە و بەهۆی هێرشە ئاسمانیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ پشتگیری لە هێزەكانی پێشمەرگە توانراوە زۆربەی ئەو ناوچانە ئازادبكرێتەوە كە كەوتبوونە ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش. هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا لە ساڵی 2014 پێشوازی كردووە لە زیاتر لە نۆ سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی ناوخۆ لە كوردانی ئێزیدی و كریستیان و عەرەب و نەتەوەكانی تر و بەهۆی ڕووداوەكانی سوریا و ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی عێراق لە دوای ساڵی 2003 جگە لەم ژمارەی سەرەوە نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردوون.
(بەیان سامی) لە ڕۆژی 1/1/2015 وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمریكا دەست بە كاربوو ئەویش دوای 10 ساڵ كاركردنی وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا و پێشووتریش بۆ ماوەی 17 ساڵ وەك ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەكانی بەریتانیا و فاینانشاڵ تایمز كاری كردووە.




