شنگال..پێشمەرگە سایلۆ و نەخۆشخانەی شنگالی ئازاد کرد

شنگال-KDP.info-ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (مەحما خەلیل) رایگەیاند کە، ئەمڕۆ پێشمەرگە لە شنگال پێشڕەوی کردووە و توانیویانە سایلۆ و نەخۆشخانەی شنگال ئازاد بکەن.
ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە شنگال بەردەوامە و ئەمڕۆیش ھێزی پێشمەرگە پێشڕەوی باشیان کردووە وسایلۆ و نەخۆشخانەی شنگالیان ئازاد کردووە و زیانی زۆریشیان بە داعش گەیاندوون.
(مەحما خەلیل)گوتیشی، لەئێستادا 75%شنگال لە دەست ئێمەدایە و لە پێشڕەویکردنی زیاتریش داین.
سەبارەت بە بەشداری چەکدارانی یەپەگە لە میحوەری شنگال، (خەلیل) روونی کردەوە، تەنیا ھێزی پێشمەرگەیە لەسنگەری پێشەوەی شەڕدایە و ھیچ ھێزێکی دیکەی لێ نییە و چەکدارانی یەپەگە لە ھەموو سنووری شنگال ناگەنە 150کەس و، ژمارەیەک چەکداریان لە پشتەوی ئێمەوەن و گەلێک لە سنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا دوورن.
بڵند ئیبراھیم




