هەولێر..هەزار خانوی گوندی کۆری لە تەواوبوون دان

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تەکنۆلۆژیای زانیاری پارێزگای هەولێر و، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی خانووی گوندی کۆری لە پارێزگای هەولێر، دەڵێت لەو پێنجهەزار خانووەی بۆ کرێنشین و کەمدەرامەتان دروست دەکرێن، هەزاریان تەواو بوون، تەنیا خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و رێگەوبانی ماوە بۆیان تەواو بکرێت، ئەگەر ئەو کارەیش تەواو کرا، ئەوا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بەڕێوەبەری تەکۆنلۆژیای زانیاری پارێزگای هەولێر و، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی خانووی گوندی کۆریی لە پارێزگای هەولێر، ئەندازیار (هەڤاڵ شاکر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەو پێنجهەزار خانووەی بۆ کرێنشین و کەمدەرامەتان لە هەولێر دروست کراون هەزاریان بە رێژەی 95% کارەکەیان تەواو بوون و، تەنیا کارەبا و، ڕێگا و ئاوئاوەڕۆیان ماوە بۆیان تەواو بکرێت، هەرکاتێک ئەو هەزار خانووە خزمەتگوزاریان بۆ تەواو بکرێن، ئەگەر بزانرێت کاریگەری بەسەر تێکڕای پڕۆژەکە نابێت، دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.
پێوەست بە دروستکردنی زیاتری خانووی کۆرییەکان لە داهاتوودا کە بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان بێت، ئەندازیار (هەڤاڵ شاکر) دەڵێت: " کۆمپانیای عێراقی کوری کاری دروستکردنی خانووەکان دەکات، ئامادەییشی هەیە خانووی زیاتر دروست بکات، ئێمەش پێی ڕازین، بەڵام پێویستە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و، دەستەی وەبەرهێنان هەبێت بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابین بکرێت؛ کە زەوییەکە دابین کرا ئەوان خانووی زیاتر دروست دەکەن".
(هەڤاڵ شاکر) ڕوونیشی کردەوە، ئامادەییان هەیە پشتی هەر کۆمپانیایەک بگرن کە خانوو بۆ دەستکورت و کەمەدەرامەتی کرێنشین دروست بکەن.
جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی گوندی کۆری بۆ کرێنشینانی هەولێر دروست دەکرێت و، پێویستە کۆمپانیا، ئەو خانووانە لە ماوەی دوو ساڵ تەواو بکات و، پێشەکیی یەکەمی حەفتهەزار دۆلارە و کە لە ئیستادا ئەوانەی ناویان درەچووە بەشی هەرەزۆری ئەو پێشەکیەیان داوە، خاوەن خانوو لەکاتی وەرگرتنی کلیلی خانووەکەیشدا 12750 دۆلاری دیکە دەدات و، ئەوەیشی دەمێنێتەوە کە 19750 دۆلارە بە مانگانە دەیداتەوە، بە شێوەیەک کە بۆ ماوەی 10 ساڵ هەر مانگێک ئەو هاووڵاتییەی خانوەکەی بۆ دەرچووە 164 دۆلاری لێ وەردەگیرێت.
بڵند ئیبراهیم




