چه‌ند ڕۆژی دی، 655 كوردی شه‌به‌ك ده‌ست ده‌كه‌ن به مه‌شق و ڕاهێنان

مووسڵ ــKDP.info ــ (سالم جومعه) نوێنه‌ری كۆتای شه‌به‌ك له په‌رله‌مانی عیراق، ئاشكرای کرد كوردانی شه‌به‌ك خۆیانیان ناونووس كردووە بچنە ڕێزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگەوە و، به‌رگری له كوردستان بكه‌ن؛ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌و ڕۆژانەدا، ناوەکانیان ڕادەگەیێنێ و فه‌رمانه‌كه‌یان ده‌رده‌کا.
(سالم جومعه شه‌به‌ك) نوێنه‌ری كۆتای شه‌به‌ك له په‌رله‌مانی عێراق و، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ڕاوێژكارانی شه‌به‌ك، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا 655 كوردی شه‌به‌ك بباتە ڕیزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وە، وا ئێستا کارەکە سەری گرتووە، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین سبەینێ چوارشه‌ممه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نووسراو ده‌ربکات."
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ڕاوێژكارانی شه‌به‌ك گوتیشی: "پاش ده‌رچوونی نووسراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئینجا شوێنێك بۆ ئەو تازەپێشمەرگانە دابین دەکرێ، هەتا مه‌شقی تێدا بکەن؛ ئەوانیش گوێ‌بە‌فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌بن و، بۆ هه‌رشوێنێك پێویست بکا دەیاننێری هەتا به‌رگری له خاكی كوردستان بکەن و لە تیرۆرستانی داعشی بپارێزن."
نه‌شوان به‌رزنجی




