کامیل ساڵەیی: ئۆتۆمبێلدزی لە کەرکووکدا زیادی کردووە، ئۆباڵ بە ئەستۆی لیژنەی ئەمنی!

کەرکووک-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک (کامیل ساڵەیی)، ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلدزی لە شاری کەرکووکدا زیادی کردووە؛ دڵەڕاوکێ کەوتووەتە دڵی خەڵک؛ خەڵک ناوێرێ لە بەر ماڵکەی خۆیشیدا ئۆتۆمبێل ڕابگرێت. ئۆباڵەکەیشی بە ئەستۆی لیژنەی ئەمنی و، ئەو کەسانەی کە ئەو بەرپرسیاریەتییەیان وەرگرتووە.
)کامیل ساڵەیی) قایمقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو قایمقامیەت لە لیژنەی ئەمنیدا بەشدار نین و، لە کۆبوونەوەکانیشدا بەشدار نابین؛ ئەوەی کە ئاگادار بین، تەنیا وەکو زانیاری ئاگادارمان دەکەنەوە؛ خۆی لە پارەوە دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل پەیدا بوو، چەند شوفێرێکیش کوژران، بەڵام ئێستا هەرچی پرسیار و وەڵام هەیە لە لای لیژنەی ئەمنییە، کە حەفتانە کۆ دەبنەوە، ئێمە تەنیا ئەوەندە دەزانین کە دەستیان کردووە بە لێکۆلینەوە و، نایشزانم تا چەند ئەنجامی هەبووە".
(ساڵەیی) گوتی: "خۆی هەقە ئێمەیش لە هەموو لیژنەکاندا بین، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە شاری کەرکووکەوە هەیە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە، دەسەڵاتێکی وایان بە دەستمانەوە نەهێشتووە، بە تایبەتی لە لیژنەی ئەمنیدا؛ نە ئاگادارین و نە ئاگاداریش دەکرێینەوە، تەنانەت نووسراویشمان بۆ نایەت، هەر لەبەر ئەوەیش، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو شاری کەرکووک داببڕاوین."
(کامیل ساڵەیی) بە دەم قسەکانیەوە گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە خەڵک دڵەڕاوکێیانە، ناوێرن لە بەر ماڵەکەی خۆیشیاندا، ئۆتۆمبێل بەجێ بهێڵن! لایەنی ئەمنی لێی بەرپرسیارە و پێویستە، زۆر بە وردی و شێلگیرانە، شوێنی بگرن و، ئەو دیاردەیە ببڕنەوە؛ ئەو پەراوێزخستنەی قایمقایمیەت زۆر کاری کردووەتە سەر هەموو جۆرە کارێکی ناو شاری کەرکووک و، بە زیانی خەڵکەکە شکاوەتەوە و، نایشکرێت ئاوەها بەردەوام بێت."




