پێشمەرگە، هێرشەکەی دوێشەوی داعشیان لە شنگال تێك شكاند... زیاتر لە 20 چەكداری داعش كوژران

شنگال-kdp.info-هێزەكانی پێشمەرگە لەناو شنگال توانییان هێرشێكی چەكدارانی داعش تێك بشكێنن و زیانێكی زۆری گیانی و، ماددیشیان لێ بدەن. فەرماندەیەكی هێزێكی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، ئازادكردنی تەواوەتیی شنگال زۆری نەماوە و، بەو زووانە، مژدەی ئازادكردنی ئەو شارۆچكەیە دەدەنە خەڵكی كوردستان.
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لە تێكشكاندن و، ڕاوەدوونانی چەكدارانی داعشدا؛ دوێشەو تیرۆرستان، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە هەر زوو لێیان هاتە دەست و، بەرپرچی هێرشەكەیانی دایەوە و، زیاتر لە 20 داعشیشیان کوشت، تەرمی سێانیشیان كەوتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها توانیومانە دەست بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنییشدا بگرین."
(قاسم شەشۆ) ڕوونیشی كردەوە کە: "ورەی پێشمەرگە بەرزە و، بەردەوام لە پێشڕەویدانە؛ بە پێچەوانەوە، ورەی داعش ڕووخاوە و، بەردەوام لە پاشەكشەدانە و، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا مژدەی ئازادكردنی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەر دەدەینە خەڵكی خۆمان."
ڕابین شێروانی




