ڕۆمیۆ هەکاری: لەبەر ڕۆتینی وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوەکان نەختێک دواکەوت؛ ئەمرۆ بە ڕەسمی هێزی دەشتی نەینەوا ڕادەگەیەنین

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیتنەهرەین (رۆمیۆ هەکاری)، پێوەست بەو فەوجەی بۆ ئاشوورییەکان پێک دەهێنرێت، ڕایگەیاند، ئەگەرچی لەبەر ڕۆتینی وەزارەتی پێشمەرگە، کارەکە نەختێک دواکەوت، بەڵام بڕیاریان داوە، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی تەلەسقۆف بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەو هێزی دەشتی نەینەوا ڕابگەیەنن. دەیشڵێت، دەبێت بە ماوەی چوار حەفتە، مەشقی خۆیان بکەن، چونکە بەشی زۆربەیان لە ڕووی سەربازی و مەشقەوە، شارەزاییەکی تەواویان هەیە؛ هیوایشی خواست بە زووترین کات شوێنی خۆیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا بگرن و، بەشدار بن لە هەموو جموجۆڵێکی سەربازی و پێشمەرگایەتیدا.
(ڕۆمیۆ هەکاری) سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیتنەهرەین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەگەرچی بە تایبەت لەبەر ڕۆتینی وەزارەتی پێشمەرگە، کارەکە نەختێک دواکەوت، بەڵام چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لەگەڵ وەزارەتدا، ڕێک کەوتن کە لەو دوو ڕۆژەدا، سەرجەم ئەو خۆبەخشانە دەچنە بنکەی مەشقەوە، تا لەوێ مەشق و ڕاهێنان لەسەر چەک و تەقەمەنی تەواو بکەن. ڕێکەوتنەکە وایە کە ئەوانە دەگەڕێنەوە بارەگای هێزی دەشتی نەینەوا، کە لە شارۆچکەی تەلەسقۆفە نزیک شارۆچکەی تلکێف کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە."
پێوەست بە شوێن و جێگا و بارەگای سەرکیی ئەو فەوجە، (هەکاری) گوتی: "بڕیارمان داوە ئەمرۆ لە شارۆچکەی تەلەسقۆف بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەو هێزی دەشتی نەینەوا ڕابگەیێنین و، پاش ئەو 500 کەسەی کە مەشق تەواو دەکەن، هەر کەسێکی تریش هات، هەموویان لەو شوێنەدا جێگیر دەبن و، لەگەڵ برایانی پێشمەرگە بە هەماهانگی و هاوکارییەکی بەردەوام دەبن لە بەرگری و، لە هێرشیشدا بۆسەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی داعش."
پێوەست بە ژمارەی سەربازانی ئەو فەوجە (ڕۆمیۆ هەکاری) گوتی: "ئێمە کردمان بە دوو قۆناغەوە؛ وەجبەی یەکەم 500 خۆبەخش بوو، بۆ وەجبەی دووەمیش نێزیک بەو ژمارەیە، کە بۆ ماوەی 3 مانگ زیاتر دەچێت، لەبەر ئەوەی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا کارەکانیان جێبەجێ کرا بۆ ئەوەی ئامادە بن و بچنە شوێنی مەشق، تۆزێک دواکەوت کە ئەوەش کاریگەری سلبی هەبوو، چونکە بەشی هەرەزۆری ئەو فەوجە لە برایانی ئاوارە بوون. ئێستا نێزیک بە 500 کەس ئامادەن و، لەو دوو ڕۆژەدا دەچنە مەشق و، بۆ وەجبەی دووەمیش لە هەوڵ و کارداین بۆ ئەوەی کۆمەڵێکی گەورەتریش ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هێزەکە تەواو ئامادە ببێت."
)ڕۆمیۆ هەکاری) گوتیشی: "بڕیار دراوە دووسبەی بچینە شوێنی مەشقکردن، پێیشم وایە بە چوار حەفتە، مەشقەکە تەواو دەکەن، چونکە بەشی هەرە زۆریان شارەزاییەکی تەواویان هەیە و، هیوا دارین ماوەکە کەمتریش بێت، چونکە ئێمە پەلەمانە بۆ ئەوەی زووتر بچنە شوێنی خۆیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و، بەشدار ببن لە هەموو جمووجۆلێکی سەربازی و پێشمەرگەیاتیدا؛ خۆی ئەم فەوجە حاڵیان حاڵی پێشمەرگە دەبێت و، سەرەتا مەشق لەسەر چەکی سووک و ناوەند دەکەن، بەڵام دواییەکەی دەبێت ئەو چەکە نیمچەقورسانەی کە فەوجێکی سەربازی یان پێشمەرگە هەیانە، ئەوانیش هەیانبێت."




