كۆبانی.. مشتەنوور ئازاد كرا

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە پێشڕەویی باشیان لە كۆبانی كردووە كە داعش بۆ دەرەوەی كۆبانی ڕاو نراون و نزیكە بە تەواوەتی ئازاد بكرێت.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "شەوی رابردوو لە رۆژهەڵاتی كۆبانی شەڕڤانان بە هاوكاریی تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە هێرشیان دەست پێ كرد و پێشڕەویی باشیان كردووە و زانیاریمان پێ گەییشت بە یەكدییان دەگوت توانای بەرگریمان نەماوە و هەڵاتن".
عەمید (شەوكەت) ڕوونیشی كردەوە، لە گردی مشتەنوور، داعش بە بێ شەر پاشەكشەی كردووە و رایان كردووە، ئێستایش شەڕڤانان لەوێن.
زیاتر گوتی، بەشی هەرەزۆری كۆبانی لە دەست داعش رزگار كراوە و توانای بەرگریكردن لە خۆیان نەماوە و هەڵدێن، بۆیە ئازادكردنی كۆبانی بە تەواوەتی، زۆر نزیكە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لەكۆبانی راشیگەیاند، "هێزێكی دیكەی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە و دێنە شوێنی ئێمە، ئێمەیش بە مەبەستی پشوودان دەگەڕێینەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
بڵند ئیبراهیم




