ئاوارەكانی شنگال و دەروروبەری قەرەبوو دەكرێنەوە

شنگال-KDP.info- قایمقامی قەزای شنگال رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی چیای شنگالی كرد و تێیدا سوپاسی هێزێ پێشمەرگەی كرد كە زیاتر لە چوار مانگ لەوێ مانەوە و بەرگریان كرد. هەروەها پیرۆزباییشی لە خەڵكی شنگال كرد بە بۆنەی رزگاركردنی بەشێكی زۆر لە ناوچەكەیان و باسی لەوەیش كرد كە خەڵكی ئەو ناوچەیە قەرەبوویەكی باش دەكرێنەوە.
قایمقامی قەزای شنگال (مەیسەر حەجی ساڵح)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سەردانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ چیای شنگال بووە جێی خۆشحاڵیی هەموو كوردانی ئێزدی و، سەرۆكوەزیرانی كوردستان، لە میانەی سەردانەكەیدا سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد كە، چوار مانگ و نیو لەو چیایە بەرگرییان كردووە و پیرۆزباییشی لە كوردانی ئێزدی كرد بە هۆی رزگاركردنی بەشێكی زۆری ناوچەكەیان لە داعش.
(مەیسەر حەجی) گوتیشی، "سەرۆكوەزیرانی كوردستان باسی لەوە كرد كە، چەند لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان دروست دەكرێن وقەرەبوویەكی باش دەكرێنەوە، هەروەها ئەوانەی لەو كارەساتەدا گیانیان لە دەست داوە، بە شەهید هەژمار دەكرێن و داوای لە ئێمە كرد كە ناوی ئەوانەی شوێنبزرن بۆیان رەوانە بكەین".
قایمقامی شنگال راشیگەیاند، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوەیش دا كە، لە ماوەیەكی نزیكدا شنگال رزگار دەكرێت و خەڵكی شنگال دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان.
بڵند ئیبراهیم




