پێشمەرگە فڕۆكەیەكی داعشی خستە خوارەوە

شنگال-KDP.info- فەرماندەی میحوەری شنگال دەڵێت، شەڕ لە شنگال بەردەوامە و هێزی پێشمەرگە فڕۆكەیەكی داعشیان خستووەتە خوارەوە، كە بۆ چاودێریكردنی هێزی پێشمەرگە رەوانەیان كردبوو.
فەرماندەی میحوەری شنگال عەمید (بەهرام عەریف یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شەوی رابردوو داعش هێرشێكی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە بەرپا كرد، بەڵام بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و هێرشەكەیان تێك شكاند.
عەمید (بەهرام عریف) گوتیشی، ئەمڕۆ لە بەیانییەوە شەڕ دەستی پێ كردووەتەوە و تاوەكو ئێستایش بەردەوامە و هێزی پێشمەرگە هاوەنێكی لەناو كۆمەڵێك تیرۆریستی داعش داوە و حەوت تیرۆریستیان پێكان و ئەوانی دیكەیشی بە سەختی بریندار كردن.
فەرماندەی میحوەری شنگال ڕوونیشی كردەوە، هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویی بەردەوامدایە و بەرزاییەكان و گەڕەكە ستراتیژییەكان بە دەست هێزی پێشمەرگەوەن و رێگای نێوان مووسڵ _درعا بە تەواوەتی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە داخراوە، كە بۆ داعش زۆر گرینگە بۆ هاتوچۆكردن.
عەمید (بەهرام عەریف) راشیگەیاند، داعش سێ جار فڕۆكەی چاودێریكردنی رەوانە كردووە بۆ ئەوەی چاودێریی هێزی پێشمەرگە بكات و ئەوانیش بۆردوومانی پێشمەرگە لەو رێگەیەوە بكەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە تەقەی لێ كردوون و یەكێكی خستووەتە خوارەوە و دووەكەی دیكەیش گەڕاونەتەوە .
بڵند ئیبراهیم




