سنوونێ..20 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە

سنوونێ-KDP.info- دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شارەدێی سنوونێ و كۆمەڵگەكانی دەوروبەری لە تیرۆرستان پاك بكەنەوە، 20 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ڕۆژانەیش گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال (مەیسەر حەجی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە شارەدێی سنوونێ و كۆمەڵگەكانی دەوروبەری، تیمەكانی شارەوانی و كارەبا و ئاو و تەندروستی دەستیان بە كارەكانی خۆیان كردووە و هەر یەكە لە بواری خۆی فەرمانگەكانی خۆیان نۆژەن دەكەنەوە و ناوچەكە لە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش پاك دەكەنەوە، تا ئێستایش نەخۆشخانە و چەند فەرمانگەیەكی دیكەی شارەدێیەكە خاوێن كراونەتەوە و لە نەخۆشخانەی سنوونێ دەست بە دەوام كراوە و ڕۆژانە هاووڵاتیان و پێشمەرگەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن."
(مەیسەر حەجی) ئاماژەیشی دا كە، "تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكانیش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەردەوامە، بۆیە لە هەوڵداین لە ماوەیەكی نزیكدا تەواوی ناوچەكە لە پاشماوەی تیرۆریستان پاك بكەینەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هەموو ئەو ناوچانە دابین بكەین و دووبارە ژیانیان تێدا ئاسایی بكەینەوە".
ڕابین شێروانی




