هۆشیار زیباری: گوژمە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخان كراوە

هۆشیاری زێباری وەزیری داراییی حكوومەتی عێراق، ڕایگەیاند كە لیژنەی مادەی 140 لە ئەئەنجوومەنی وەزیراندایە و، گوژمەیەك پارە بۆ ڕاپەراندنی كاروبارەكانی ئەو بڕگەیە تەرخان كراوە.
هۆشیار زێباری، لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا گوتوویەتی: "گوژمە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخان كراوە، پارەكەیش لە ئەمیندارەتیی گشتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە كە بۆ مادەی 140 تەرخان كراوە."
زێباری لەمەڕ بوودجەی پێشمەرگەیشەوە، گوتی: "ئەوە یەكەمین جارە ڕوون و ڕاشكاو، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك باس لەوە کراوە کە حكوومەتی فیدراڵ دەشێ بە پێشمەرگەیش ڕابگات، هەڵبەت هەر بە قسەی بریسكەدار و، بەبێکردەوە نا، ئەمجارە بەشێك لە بوودجەی هێزە زەمینییەکانی عێراق بۆ پێشمەرگەی كوردستان تەرخان دەكرێت."




