٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: هەوڵەكانمان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چڕ دەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "هەموو هەوڵەكانمان چڕ دەكەینەوە تا لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سندووقی نەوت و داهاتی نەوت و دەستوور بگەینە ئەنجام". دەشڵێت، "گفتوگۆیەكی چڕ لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا هەیە و هەموو هەوڵەكانمان چڕ كردوونەتەوە تا لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایە رێك بكەوین".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو)، پێوەست بە هەرسێ پڕۆژەیاسای دەستوور، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و سندووقی نەوت و داهاتی نەوت، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پێویستە بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بێت، دەبێت ئەنجوومەن لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئێستا ناكرێت ئەنجوومەن لە هەڵەبجە لەو ساتەدا هەڵبژاردنی بۆ بكرێت، بۆیە دەبێت ئەو پڕۆژەیاسایەی كە لە ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند رۆژی رابردوودا تەواو بوو، بێتە پەرلەمانی كوردستان و لەو چەند رۆژەدا پەرلەمان كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ ئەنجام بدەین".
(خۆشناو) گوتیشی، "پڕۆژەیاساكەی دیكە سندووقی نەوت و داهاتی نەوتە كە ئەویش لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران ناردوویەتی بۆ پەرلەمان و پێویستمان بەوە هەیە كە ئەویش لە ماوەی ئەو پشوودا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ببێتە یاسا و ئەو سندووقە بێتە دامەزراندن".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، "بابەتی دەستووریش باس كراوە و یەكێكە لەو بابەتانەی كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، لە ئێستایشدا پێویستی هەنووكەیی كوردستانە و ناكرێت لەوە زیاتر هەرێمی كوردستان بێ دەستوور بێت، بەڵكە پێویستە ئەو گفتوگۆیەی كە لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا هەیە، بگاتە ئەنجام تا بتوانین ئەو سێ پڕۆژەیاسایە لە ماوەی پشووی وەرزیدا یەكلا بكەینەوە".
 

هەواڵی پەیوەندیدار