ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بوودجە گشتییەکەی 2015ـی عێراق دەكات

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی 2015ـی عێراق كرد، وا بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، نوێنەران كۆ ببنەوە و، دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاساكە بكەن.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: "لایەنەکان لێك نزیك بوونەتەوە و، هاکا تا كۆتایی ئەم مانگە، پڕۆژەیاسای بوودجە دەنگی لەسەر بدرێت و، پەسەندی بكەن."
(نەجیبە نەجیب بامەڕنی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە كۆ بووەتەوە و، ڕاپۆرتی خۆی ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی لە 7ـی ئەم مانگەدا ــ كە دەكاتە دووسبەی ــ ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لەسەری كۆ ببێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات. خۆی كێشەوگرفتەكانی ناو بوودجە چارە کراوە و، چاوەڕوان دەكرێت، تا كۆتایی ئەم مانگە بوودجەکە پەسەند بكرێت؛ ئەگەر هات و، كێشەیەكیشی تێ کەوت و، جارێ پەسەندیان نەکرد، هەتا پەسندی دەکەن، مووچەی فەرمانبەران، مانگانە ڕەوانەی پارێزگاكان و هەرێمی کوردستانیش دەكەن؛ مانگانەکەی هەرێمی كوردستان، ترلیۆنێك و 200ملیار دینارە."
ڕابین شێروانی




