چەند وڵاتێكی دیكە نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كاروان جەمال) راگەیاند، بڕیار وایە هەر یەك لە هیندستان و كوێت و سعوودیە نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە، هیندستان بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی داوە و هەریەك لە سعوودیە و كوێتیش سەرقاڵی ئەو بڕیارەن.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كاروان جەمال)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، بڕیارە هیندستان، كوێت و سعوودیە نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە.
(كاروان جەمال) گوتیشی، جگە لەو وڵاتانە تاوەكو ئێستا 34 وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەو 34 نوێنەرایەتیانە 30 وڵاتیان كۆنسووڵخانە و كۆنسووڵگەریی گشتییان هەیە و كۆنسووڵی فەخری و ئۆفیسیشیان هەن كە خواستی زیاتریش بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتان هەیە.
(كاروان) ئاماژەی بەوەیش دا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، هەر پێنج وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستاندا نونێنەرایەتییان هەیە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی بۆ خۆی دروستكردوە.
گوتیشی، هەرێمی كوردستان توانیویەتی پێگەیەكی بەهێز لە نێو كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا دروست بكات، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رابكێشێت لەوەی كە لە پێكەوەژیان و سەروەری، مافی مرۆڤ و دیموكراسیدا پێڕەوی بەها هاوبەشەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات.
یەحیا سابیر




