بەغدا..عێراق ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەک بە کوەیت نادات

بەغدا-KDP.info-بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق، (ئەحمەد حاجی ڕەشید ) ئاشكرای كرد، ئەمساڵ حكوومەتی عیراق لە بوودجەی 2015 قەرزی وەلاتی كوەیت ناگەڕێنێتەوە و دەوڵەتی کوەیتیش رەزامەندبووە کە ساڵی داهاتوو قەرزەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (ئەحمەد حاجی ڕەشید ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق لە بوودجەی ئەمساڵی 2015 قەرزی دەوڵەتی كوەیت ناگەڕێنێتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی دەوڵەتی كوەیت رەزامەندی دەربڕی کە ساڵێکی دیکە قەرزەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
(ئەحمەد حاجی ) گوتیشی کە، ئەو بڕە پارەیەی كە دەبێت حكوومەتی عێراق بیگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتی كوەیت بڕەكەی 4 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە کە بەگوێرەی بڕیاری 1843 دەبێ حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە قەرەبووی کوەیت کە لەسەردەمی رژێمی پێشووی (سەددام حوسێن) هێرش کرایە سەر ئەو دەوڵەتە، هەڵبەت دەبێ عێراق لە سەدا پێنجی بودجەکەی تا تەواوبوونی قەرزەکە ساڵانە بە کوەیتی بدات.
بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند کە، بە گشتیی دەوڵەتی عێراق 39 ملیار دۆلار قەرزاری دەوڵەتی کوەیتە و، ژمارەیەک دەوڵەتی دیکەی وەک ئەمریكا، دانیمارك، روسیا و وڵاتگەلێکی دیکە کە عێراق قەرزاریانە لێیخۆشبوونیان بۆ عێراق راگەیاند، بەڵام ژمارەیەک دەوڵەتی دیکەی وەک دەوڵەتانی کەنداو کە بڕی 27 ملیار دۆلاریان لای عێراقە، تا ئێستا لەو قەرزەیان خۆش نەبوون.
نەشوان بەرزنجی




