٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا..سبەینێ لیژنەی دارایی پێوەست بە بودجە کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) رایگەیاند کە، سبەینێ جارێکی دیکە بە مەبەستی تاوتووکردنی گشت ئەو پێشنیاز و سەرنجانەی کە بۆ پڕۆژەیاسایی بودجە هەن، کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەڕێکی تاوتوو بکەن و ئامادەی بکەن تا لە دانیشتنی 7-1-ی 2015، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ كاتژمێر 12-ی نیوەڕۆ لە بەغدا وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووینەوە و، دوو کاتژمێر تاوتووی بودجەی گشتیی عێراقمان کرد. گشت گۆڕانكاری و تێبینی و پێشنیازەکانمان خستنە ڕوو کە پێویستبوون گفتوگۆی لەبارەوە بکەین".
(سەرحان سلێڤانەیی ) دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گرینگیشمان دا بە داهاتێکی دیکە بۆ عێراق جگە لە نەوت، ئەویش وەک گرینگیدان بە کەرتی کشتووکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و چەندان بواری دیکە، کە دەتوانرێت بایەخی پێبدرێن و بکرێن بە داهاتێکی دیکە لە پاڵ داهاتی نەوت بۆ بودجەی گشتیی عێراق.
(سلێڤانەیی) ئاماژەیشی کرد کە، سبەینێ دووشەممە جارێكی دیکە لیژنەی دارایی کۆ دەبنەوە بە مەبەستی جێگیرکردنی دوا گۆڕانکارییەکان لە پڕۆژەیاسایی بودجەی گشتیی عێراق کە بڕیارە لە 7-1-2015 لە دانیشتنی پەرلەماندا خویندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
جێی ئاماژەیە، لە بەرواری 26-ی مانگی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی نووێنەرانی عیراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی  2015-ی عیراق کرا و، پڕۆژەیاساکە رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کرا بەمەبەستی رێکخستن و تاوتوکردنی گشت ئەو پێشنیاز و تێبینیانەی کە لەبارەوەی هەن و دواتریش پڕۆژەکە دەدرێتەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەست بە پەسەندکردنی دەکرێت.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار