٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆبانی90%-ی ئازاد كراوە.. لە چەند رۆژی داهاتوودا موژدەی ئازادكردنی رادەگەیەندرێت

سەرچاوە: KDP.info

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان لە چەند رۆژی رابردوودا پێشوەچوونی باشیان كردووە و لە ئێستادا نزیكەی 90%-ی كۆبانی ئازاد كراوە، لە چەند رۆژی داهاتوویشدا بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێزی پێشمەرگە پێشڕەویی باشی كردووە و لە چەند رۆژی رابردوو توانیویانە گورزی كوشندە لە داعش بوەشێنن و لەناو شار وەدەریان بنێن، ئێستایش داعش تەنیا لە دەوروبەری شار هەیە و هێزی شەڕڤانان و پێشمەرگە لە باشووری كۆبانی نزیك بوونەتەوە تا بگەنە كۆتایی شار و لە رۆژهەڵاتیش زۆر نزیك بوونەتەوە، كۆتایی شار و مشتەنووریش لە ئێستادا لە دەست ئەواندایە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ڕوونیشی كردەوە، داعش تووشی ڕووخان هاتووە و كۆتاییەكەیەتی نەك تەنیا لە كۆبانی، بەڵكە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش، چونكە توانای خۆڕاگرتنیان نییە و هەڵدێن.
زیاتر گوتی، لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمان زیاتر لە 50 تیرۆریست كوژراون.
عەمید (شەوكەت مزووری) راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبانی بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت و داعش وەدەر دەنێن، موژدەی یەكجارەكیی ئازادكردنی كۆبانییش رادەگەیەنرێت.
(مزووری) ئاماژەیشی دا، بڕیارە بە مەبەستی پشوودان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هێزێكی دیكە بێتە شوێنی ئەوان، بەڵام تاوەكو ئێستا وادەكەی دیار نییە و هەر كاتێك هێزێكی نوێ بێتە كۆبانی و شەوێك لەوێ بمینێننەوە، ئەوكات ئەوان دەگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار