كەركووك.. رۆژانە 150 هەزار بەرمیل لە ڕێی بۆریی نەوتی هەرێمەوە رەوانە دەكرێت

كەركووك-KDP.info- ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (فوئاد حوسێن) رایگەیاند، لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا لە بەشێك لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك بۆرییەكان بە بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بەستراونەتەوە و رۆژانە 150هەزار بەرمیل نەوت بۆ توركیا هەناردە دەكرێت، بەڵام لە هەموو كێڵگەكان نییە.
(فوئاد حوسێن) گوتیشی، بۆ ئەوەی نەوتی هەر چوار كێڵگەكەی كەركووك هەناردە بكرێت، پێویستە هەر چواری بە بۆریی ئایتیوان ببەسترێتەوە و دواتر لەوێیش بە بۆریی ئاڤانە ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی هەموو نەوتەكە لە رێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز راشیگەیاند، بۆرییە نەوتەكانی كەركووك زۆر كۆنن و هیی ساڵی حەفتاكانن، بۆیە بۆرییەكان توانای هەرناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتیان نییە لە رۆژێكدا ئەوەیش هەم لەبەر كۆنی و هەمیش لەبەر تەسكیی بۆرییەكەوەیە، چونكە ئەو بۆرییە 20 ئینجییە، بۆیە پێویستە بۆ40 ئینجی فراوان بكرێت.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بۆرییەكان هەندێك كێشەی تەكنیكیان هەیە و پێویستە چارە بكرێن، بۆیە نازانرێت ماوەكەی چەند دەخایەنێت تاوەكو ئەو كێشە تەكنیكیانە چارە دەبن.
پارێزگای كەركووك خاوەن چوار كێڵگەی نەوتە بە ناوەكانی كەركووك، بای حەسەن، جەمبور و خەبازە، بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە لەو كێڵگە نەوتیانە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی دەرەوە بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




