سەمیر سەلیم: سەرۆكی هەرێم لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا جیددییە.. پێویستە لایەنەكان هاوكار بن

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (سەمیر سەلیم) رایگەیاند، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جیددییە، بەڵام پێویستە لایەنەكان لەگەڵی هاوكار بن بە تایبەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (سەمیر سەلیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دەمێكە ئێمە داوای یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و بەنیشتیمانیكردنی دەزگا ئەمنییەكانمان كردووە و پێمان وایە ئەمە یەكێكە لە هەنگاوەكانی چاكسازی و پێویستە بكرێت".
(سەمیر سەلیم) گوتیشی، "هەر هەنگاوێك بەرەو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بێت، ئەرێنییە و ئێمە پشتگیریی لێ دەكەین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی روونیشی كردەوە، "بڕوا ناكەم هیچ لایەنێك لە هەرێمی كوردستان دژی ئەو پرۆسەیە بێت، رەنگە جیاوازی لە شێوازی یەكخستنەكە هەبێت، بۆیە پێویستە چ حكوومەت یاخود پەرلەمان ئەو رێگریانە لە بەردەم ئەو رێكخستنە هەڵبگرن".
زیاتر گوتی، لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت و زەمینەسازییش هەیە ئەگەر ئیرادە هەبێت لەلایەن لایەنەكانەوە دەتواندرێت لەم كابینەیەدا هێزی پێشمەگە یەك بخرێت، بە تایبەت ئەوانەی هێزیان هەیە.
گوتیشی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جیددییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵی بەشدار بن بە تایبەت پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە هێزیان هەیە، ئاسانكار و رێكخۆشكەر بن بۆ ئەو پرۆسەیە".
بڵند ئیبراهیم




