New kerala: پێشمەرگە پێویستی بە چەكی قورسە

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی new kerala، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە چەكی قورس هەیە كە ئەمەریكا بۆیان دابین بكات و پێویستیشیان بە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیشە تا زیاتر لە بۆردوومانكردنی تیرۆریستانی داعشدا رۆڵ بگێڕن.
ماڵپەڕی new kerala لە ریپۆرتێكدا دەربارەی جەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستانی داعش نووسیویەتی كە، بە مەبەستی لاوازكردنی زیاتری تیرۆریستانی داعش، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە چەكی قورسی ئەمەریكایە، چونكە ئەو جەنگە بەم شێوەیە دادپەروەریی تێدا نییە كە پێشمەرگە بە گوللە بەرانبەری دەوڵەتی تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە كە ئەم تیرۆریستانە پێشكەوتووترین چەكی قورسیان پێیە، بۆیە پێویستییەكی هەنووكەییە كە ئەمەریكا چەكی قورس و پێشكەوتوو بە پێشمەرگە بدات.
پێوەست بە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانیش، ماڵپەڕەكە نووسیویەتی كە، پێشمەرگە پێویستی بە بۆردوومانی زیاتری فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوی داعش لاواز بكرێت و بە یەكجارەكی وەدەر بنرێن.
جێی ئاماژەیە، پێشمەرگە تاکە هێزی سەر زەوییە لە رۆژهەڵاتی ناوین کە تا ئێستا توانیویەتی سەرکەوتن بەدوای سەرکەوتن بەسەر داعش تۆمار بکات.




