پێش پەسەندكردنی بودجە دەیانەوێ باج، پوول و پاشەكەوتی نیشتمانی دەستكاری بكەن

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق (ئەشواق جاف) رایدەگەیەنێت، دەبێت هەر سێ بڕگەی پاشەكەوتی نیشتیمانی، باجخستنە سەر كۆمپانیاكان كە هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن و دروستكردنی پوول كە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا هاتووە، گۆڕانكارییان تێدا بكرێت و نابێت بە هاووڵاتیان كورتهێنانی بودجە پڕ بكڕێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) كە هاوكات ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤیشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ، باجدانان لەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئەنتەرنێت و ئۆتۆمبیل و كارتی سەفەر كە هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن، لەناو بودجەی ئەمساڵی عێراقدا ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام ئێمە دژی ئەو خاڵەین و هەوڵ دەدەین لابدرێت، لەبەر ئەوەی حكوومەت كاتێك دەتوانێت باج بخاتە سەر هاووڵاتیان و داوای ماف لە خەڵك بكات، دەبێ مافی هاووڵاتیانی دابێت، جا هەر لە سەرەتاییترین ماف كە لە دەستووردا هاتووە، چونكە لەو كاتەدا هاووڵاتیان دەبنە قوربانیی نەبوونی پارە لە عێراق بۆ بودجە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "عێراق لە پارەدا دەوڵەمەندە هەروەك سەرۆكوەزیرانی عێراقیش گوتوویەتی، بۆیە پێویست ناكات ئەو بارگرانییە بخرێتە سەر هاووڵاتیان، وەك هەموومان دەزانین كارتی ئینتەرنێت و مۆبایل زۆربەی گەنجەكان بەكاری دەهێنن، بۆیە ئەوانە هیچ داهاتێكیان نییە یان قوتابین یاخود خوێندنیان تەواو كردووە و دانەمەزراون".
(ئەشواق جاف) ئاماژەیشی دا كە، "ئێمە لە خوێندنەوەی دووەمی دانیشتن دەربارەی بودجە ئەو خاڵە دەخەینە بەر باس و پێشبینییش دەكرێت لە ساڵی تازەوە نرخی نەوت بەرز یبێتەوە، ئەو كات با بەو پارەی زیادەیە كورتهێنانی بودجە پڕ بكرێتەوە".
لەبارەی بڕینی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانیش، ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پێویستە پاشەكەوتی نیشتیمانی بگۆڕێت و ئەوانەی كە مووچەكانیان لە ملیۆن و نیوێك زیاترە یان دوو ملیۆنە، پێم باشە بە زۆر بێت، بەڵام لەوە كەمتر نابێت دەستكاری بكرێت، چونكە كار دەكاتە سەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان".
(جاف) سەبارەت بە دروستكردنی پوولیش گوتی، "دروستكردنی ئەو پوولە بۆ هەبێت و بخرێتە سەر هاووڵاتیان كە لە فەرمانگەكان داوای كڕینی ئەو پوولە بكرێت، دەبێت حكوومەت لە كاتی بەڕێكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان ئاسانكارییان بۆ بكات، ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤ ڕازی نابین و دەبێت گۆڕانكاری لە هەرسێ بڕگەی پاشەكەوتی نیشتیمانی، باج و دروستكردنی پوول بكرێت".
جێی ئاماژەیە، بریارە لە 7-ی ئەم مانگە خوێندنەوەی دووەم لە پەرلەمانی عێراق بۆ بوودجەی 2015-ی عێراق بكرێت.
نەشوان بەرزنجی




