داعش ھیچ ھێزێکیشی ڕەوانەی شنگال نەکردووەتەوە

شنگال_kdp.info_ بووبوو بە دەنگۆ گوایە داعش ھێزی بۆ شنگال ڕەوانە کردووەتەوە؛ بەڵام ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە شنگالەوە ئەو دەنگۆیەی بە درۆ خستەوە و، دەڵێ ئەوانیش دەنگۆیەکەیان بیستووە و، شوێنیشیان گرتووە، بەڵام درۆ بووە.
(مەحما خەلیل)، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شنگالەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بووبوو بە دەنگۆ گوایە داعش لە سێ قۆڵەوە ھێزی ناردووەتەوە بۆ شنگال و، بە نیازی پەلامارە، بەڵام کە شوێنی هەواڵەکەمان گرت، قسەی درۆزنان بوو."
(مەحما خەلیل) گوتیشی: "داعش لەو ناوچەیە، داڕزاوە و، تازە دەرەقەتی ھێزی پێشمەرگە نایەت و، خۆی لە بەر ڕاناگیرێت."
(خەلیل) بە دەم قسەکانیەوە گوتیشی: "ئێستا بەشی زۆری شنگال بە دەست ھێزی پێشمەرگەوەیە و، دۆخەکە ئارامە و، شەڕ نییە؛ بەڵام تۆپبارانەکە هەر ھەیە."
بڵند ئیبراھیم




