بزووتنەوەی گۆڕان: هەر لایەنێك بەشداری لە حكوومەتی بنكەفراواندا كردووە، بە یەكخستنەوە و بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگە رازی بووە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و، هەر لایەنێكیش دژی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بێت، دژی ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.
بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دكتۆر (محەممەد حاجی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە داوای یەكخستن و بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگەمان كردووە و لە بەرنامەی حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، كە كار بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بكرێت و بخرێتە ژێر قودسییەتی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بۆیە پێوەست بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و بەنیشتیمانیكردنیان، بە دڵنیاییەوە پشتیوانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشمەرگە و سەركردایەتیی هەموو حیزبەكان دەكەین".
دكتۆر (محەممەد حاجی) گوتیشی، "یەكخستنی هێزی پێشمەرگە رێنمایی و پێداویستیی زیاتری دەوێت و ئێمە لەوە تێدەگەین كە ئەو پرۆسەیە ئاسان نییە، بەڵام پێویستە كاری بۆ بكرێت و پێویستییەكی هەنوكەیی هەرێمی كوردستانە، بۆیە پێویستە رێنمایی و بڕیاری زیاتریشی بۆ بدرێت".
زیاتر گوتی، ئەو یەكخستنەوەیەی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە ئیرادەی لایەنەكان هەیە، بە تایبەت ئەوانەی هێزی پێشمەرگەیان هەیە.
بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند، هەر لایەنێك دژی یەكخستن و بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگە بێت، زۆر خراپە، چونكە ئەوە ئەرك و پێویستییە و هەر لایەنێك بەشداری لە حكوومەتی بنكەفراواندا كردووە، بە یەكخستنەوە و بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگە رازی بووە.
دەشڵێت، وەستانەوە لە دژی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دژوەستانە بەرانبەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان و حكوومەت و بەرنامەی حكوومەتیش.
بڵند ئیبراهیم




