مووسڵ.. لە نزیك بەنداودا پێشمەرگە 18 تیرۆریستی داعشی كوشتوون

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 18 تەرمیان رەوانەی پزیشكی دادی كردوون، كە گشتیان لە نزیك بەنداوی مووسڵ لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كوژراون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 18 تەرمی تیرۆریستانی داعش رەوانەی پزیشكی دادی مووسڵ كراون كە لە نزیك بەنداوی مووسڵ لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كوژراون.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، داعش بە دەیان هاووڵاتی لەو ناوچانە دەستگیر كردوون كە لە تۆڕی مۆبایل هەیە و پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە، ئەمەیش بە بیانووی سیخوڕیكردن بۆ حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ روونیشی كردەوە، چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ بۆمبێكی چێندراویان لەسەر رێگەی گەیارە دانابوو كە لە كاتی تێپەڕبوونی سەركردەیەكی سەربازیی داعش بە ناوی (فەواز ئەحمەد فەواز) لەگەڵ دوو لە پاسەوانەكانی، تەقییەوە و لە ئاكامدا مردن.
(رەجەب) دەشڵێت، داعش دوو ئەفسەری پۆلیسی عێراقی بە ناوەكانی نەقیب (عەلی سابر) و نەقیب (ئەمجەد رەشید) لە ناحیەی گەیارە دەستگیر كردوون.
بڵند ئیبراهیم




