دیارینەكردنی بودجەی ماددەی 140 لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، داننانە بە جێبەجێبوونی ماددەكە
__2015_01_03_h20m16s11__LB.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، تەرخاننەكردنی هیچ بودجەیەك بۆ ماددەی 140، واتا جێبەجێ بوونی ئەو ماددە دەستوورییەی عێراق.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بە رای من كە حكوومەتی عێراق بودجەی ماددەی 140-ی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا دانەناوە، ئەوە دانپێدانانە بەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بووە، بۆیە یەكەم جاریشە 17%ـی بودجەی هەرێم رەوانە دەكات و پێویستە ئێمە بەربەست بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دروست نەكەین".
(عەرەفات) ڕوونیشی كردەوە، "لیستی دەوڵەتی یاسا خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بەربەست بۆ پەسەندكردنی بودجە دروست بكات، چونكە ئەوان پێیان وایە بەغدا سازشی بۆ هەرێم كردووە، بۆیە پێویستە ئێمە گرفت دروست نەكەین".
پەرلەمانتارەكەی پارتی پێی وایە، دەتواندرێت دوای پەسەندكردنی بودجە بە گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بودجەی ماددەی 140 دیاری بكرێت، بۆیە دیارینەكردنی بودجەی 140لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، واتای ئەوە نییە كە نایدەن و پشتگوێ خراوە، بەڵكە (عەبادی) خۆی باسی لەوە كردووە كە پێویستە ماددەی 140جێبەجێ بكات.
زیاتر گوتی، "لەدوای 2003ـوە یەكەم جارە هەرێم سوود لە بەغدا وەردەگرێت و 17%-ی بودجە بە تەواوی وەردەگرێت، ئێستاش لە جاران جیاوازە، چونكە سەرۆكوەزیران باسی لەوەكردووە ئێمە بە بێ هەرێمی كوردستان ناتوانین نەوت هەناردە بكەین و بچووكترین كێشە ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەوان پێویستیان بە ئێمە هەیە نەك بە پێچەوانەوە".
بڵند ئیبراهیم




