راوێژكاری سەرۆكوەزیران: هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوا رێككەوتنی دهۆكیان بە باشی جێبەجێ نەكردووە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان رێككەوتنی دهۆكیان بە باشی جێبەجێ نەكردووە و هەردوو لایش پێوەست بە رێككەوتنەكە خەتابارن.
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ كاروباری رۆژئاوای كوردستان (مستەفا شەفیق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان لە پارێزگای دهۆك كراوە، بە باشی جێبەجێ نەكراوە، چونكە هەندێك بەربەستی بۆ دروست كراوە بە تایبەت لە پێكهێنانی مەرجەعی سیاسیدا.
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەشڵێت، "پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا چوار حیزب خۆیان كرد بە حیزبێك كە كورسییان وەكو پێویست پێ نەدان و هەندێك حیزب لەناو ئەنجوومەنی نیشتیمانی دەنگیان بە پەیەدە دابوو، ئەمانە كێشەیان دروست كرد، بۆیە بە رای من ئەوەی گرینگە یەكگرتنی رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام هەندێك پرس دەكرێنە بەربەست بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی كات ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرێت و شتەكان لە بیر خەڵك ببەنەوە".
(مستەفا شەفیق) ڕوونیشی كردەوە، هەردوو ئەنجوومەن لە دواكەوتنی ئەو رێككەوتننامەیە خەتابارن، چونكە خۆیان بە پرسە سەرەكییەكانەوە سەرقاڵ ناكەن كە هەرێمەكان لە شەڕ بەدوور بخەن و هێزەكانی دژی كورد و تیرۆر و رژێمی (ئەسەد) لە كورد دوور خەنەوە و كورد ئیدارەی خۆی بونیات بنێت.
(شەفیق) راشیگەیاند، "بڕیاری جیددی دەدرێت، بەڵام لە ڕووی جێبەجێ كردنەوە جیددی نین، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا كێشەیە.
ئاماژەیشی دا كە، "ئێمە گەشبینین كە كورد شەڕی تیرۆر دەكات و تاڕادەیەك سەركەوتوو بووە، ئەمەیش وا دەكات بەسەر كێشەكانی دیكەیشدا زاڵ بن و چارەیان بكەن، بەڵام هەندێك حیزب لە رۆژئاوا لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا ڕێ ناكەن، ئەمەیش بە نەرێنی هەژمار دەكرێت، بۆیە ناتوانین بڵێین 100% گەشبینین".
پێشتر لە شاری دهۆك بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە كۆ بوونەوە و تێیدا لەسەر سێ خاڵ رێك كەوتن، ئەوانیش دروستكردنی مەرجەعی سیاسی، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان و دروستكردنی هێزێكی هاوبەشن و بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەیش مەرجەعی سیاسی لە سووریا دروست كراوە.
بڵند ئیبراهیم




