د. كەمال كەركووكی: شەڕ دەستی پێ كرد و پێشمەرگە لە بەرگرییەكی قارەمانانەدایە

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك – دووبز (د. كەمال كەركووكی) رایگەیاند، "چەند ساتێك بەر لە ئێستا شەڕ لە دوور كارەبایی تەلوەرد و سمایلاوا و گوبێبەوە دەستی پێ كرد و پێشمەرگەیش لە بەرگرییەكی قارەمانانەدایە، دڵنیاییش دەدەین كە گەل و خاكی كوردستان لە تیرۆریستان پاك دەكەینەوە و دەیان پارێزین".
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك - دووبز (د. كەمال كەركووكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "چەند ساتێك بەر لە ئێستا لە دوور كارەبایی تەلوەرد تیرۆریستانی داعش هەوڵیان دا بێنە پێشەوە، لە بەرانبەریشدا لیوای پێنج و هێزی ئامادە قارەمانانە بەرپەرچیان دانەوە و تا ئێستا شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستاندا بەردەوامە و پێشمەرگە بە وپەڕی ورەبەرزییەوە بەرگری دەكەن".
(كەركووكی) گوتیشی، "لە سمایلاواش هەوڵیان دا بە دۆشكە لە هێزی پێشەوەی پێشمەرگە بدەن، بەڵام پێشمەرگە وەك هەمیشە لێیان هاتوونەتە دەست و لە چەندین لاوە لە تیرۆریستانی داعش دەدەن".
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك – دووبز ئاماژەیشی دا، لە گوبێبەیش بە هەمان شێوە تیرۆریستان بە ئاڕاستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە تەقەیان كرد، پێشمەرگەیش مەردانە لێیان هاتوونەتە دەست و ئێستایش لە سێ لاوە شەڕ دەستی پێ كردووە و بەردەوامە.
(كەركووكی) دڵنیاییشی دا كە، "گەل و خاكی كوردستان لە تیرۆریستان پاك دەكەینەوە و میللەتەكەمان دەپارێزین".




