كەركووك.. داعش زیندانیانی حەویجە بۆ مووسڵ دەگوازێتەوە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێت، داعش بە هۆی ئەو گورزە گەورەیەی كە هێزی پێشمەرگە لێ وەشاندوون، لە ترسی لەدەستدانی حەویجە، دەستی كردووە بە گوازتنەوەی زیندانیانی حەویجە بۆ نێو مووسڵ.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە نهێنی تیرۆریستانی داعش دەستیان بە گوازتنەوەی زیندانییەكانیان لە حەویجەوە بەرەو مووسڵ كردووە و، ئەمەش لە ترسی ئەو گورزە گەورییەی کە هێزی پێشمەرگە لێی وەشاندوون و ترسیان لێنیشتووە کە حەویجەیش لە دەست بدەن".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی، لەو زیندانیانەدا پلەداری سوپای عێراقی هەیە بۆ نموونە عەمید هەیە لەگەڵ دەیان پۆلیس كە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە تكریت دەستگیریان كردوون، لەگەڵ خەڵكی دیكەیش كە ئێستا مەترسییان لەسەرە و دەخوازن ئەو زیندانیانە لە ژێردەستیان بمێننەوە و بۆ شوێنێكی پارێزراوتر دەیانگوازنەوە، هەروەها لە قەزای حەویجەیش داعش چەند بەندیخانەیەكی هەن كە ژمارەی گیراوەكان روون نییە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەشڵێت، داعش لە دەروبەری حەویجە لاواز بووە و ترسی لە لەدەستدانی ناوچەكە هەیە، هەر بۆیەیش زیندانییەكانی دەگوازێتەوە.
یەحیا سابیر




