٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

60%-ی هاووڵاتیان گەڕاونەتەوە زوممار.. دوكانەكان كراونەتەوە و ئارامی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار (موزاحم سەعدوون) رایگەیاند، لە ئێستادا 60%-ی هاووڵاتیان گەڕاونەتەوە نێو زوممار و دوكانەكانی سەنتەری شار كراونەتەوە، هەروەها ئارامی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە و پێشمەرگەیش بەوپەڕی ورەبەرزییەوە زوممار و ناوچەكە دەپارێزێت.

بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار (موزاحم سەعدوون)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوای ئەوەی پێشمەرگە زومماری ئازاد كرد و تیرۆریستانی وەدەر نا، لە ئێستادا 60%-ی هاووڵاتیان بۆ نێو ماڵەكانیان گەڕاونەتەوە و رۆژانەیش گەڕانەوەی هاووڵاتیان بەردەوامە.
(موزاحم سەعدوون) گوتیشی، "تیمی ئەندازیارانی پێشمەرگە بۆ هەڵگرتنەوەی مین بەردەوامن لە كارەكانیان لەو سنوورە و مینێكی زۆریان هەڵگرتوونەتەوە، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دەكەین بێن هاوكارمان بن بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو رێژە زۆرەی مین كە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكەدا دایانناون".

بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار راشیگەیاند، "سوپاسی هاوكارییەكانی پارێزگاری دهۆك دەكەین كە هاوكاری تەواومانن لە گشت پێداویستییەكان بە تایبەت سووتەمەنی و پێداویستییەكان و دابینكردنی كەلوپەلی خۆراك بۆ ئەو خێزانانەی بۆ نێو زوممار گەڕاونەتەوە".
دەربارەی رەوشی زومماریش، (موزاحم) دەڵێت، رەوشی زوممار ئارامە و هاووڵاتیان لەنێو سەنتەری زوممار دوكانەكانیان كردوونەتەوە و پێشمەرگەیش بەوپەڕی ورەبەرزییەوە پارێزگاری لە زوممار و تەواوی سنوورەكە دەكات.
شارەدێی زوممار دانیشتووانەكەی نزیكەی 50 هەزار كەسە و دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای پارێزگای مووسڵ لە دووری 60 كم و، رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2014 هێزەكانی پێشمەرگە ئازادیان كردەوە.
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار