٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فۆكس نیوز: پڕچەككردنی پێشمەرگە لە بەرژەوەندیی ئاساییشی ئەمەریكایە.. پێشمەرگە بە باوەڕەوە دەجەنگێت

سەرچاوە: KDP.info

واشنتن-KDP.info- فۆكس نیوز لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بە بەرخودان و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە كە، لە بەرەكانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و نووسیویەتی كە، لە بەرژەوەندیی ئاساییشی ئەمەریكایە كە چەكی پێشكەوتوو بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بدات و پێشمەرگەیشی بە شایەنی پڕچەككردن زانیوە.

ئازایەتیی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، جیهانی بە جۆرێك سەرسام كردووە كە، رۆژ دوای رۆژ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە گرتەی ڤیدیۆییدا و بە تێكستی نێو ماڵپەڕ و رۆژنامەكان و پێشاندانی لە كەناڵەكانی جیهانیدا، لە هەواڵە گرینگەكانی وڵاتانی جیهانن.
پێشمەرگە لە ماوەی رابردوودا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) ئۆپەراسیۆنێكی وەها گەورەی لە دەڤەری زوممار و شنگال لە دژی تیرۆریستانی داعش بەرپا كرد كە 3 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەی لەو دەڤەرە كۆنتڕۆڵ كردەوە و تیرۆیستان بە جۆرێك وەدەر نران كە تا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوین یەكەم جار بوو گورزی وەها گەورەیان لێ بوەشێندرێت، هەروا زیانی داعش بە جۆرێك بوو كە زیاتر لە 400 تیرۆریستیان لێ كوژران و، ئەوانی دیكەیش لە ترسی هێز و بازووی پێشمەرگە بەرەو مووسڵ و سووریا و شوێنگەلێكی دیكە رایان كرد. لە بارەی ئەو داستانە مێژووییەی پێشمەرگە گەلێك مێدیا شرۆڤەی تایبەتیان بۆ ئەو سەركەوتنە كرد و هەندێ لە مێدیاكان وایان نووسیوە كە پێشمەرگە پاڵەوانی ساڵی 2014 بوو، لە نێویشیاندا فۆكس نیوز لە وەسفی پێشمەرگەدا دەنووسێت، "16 پێشمەرگە لە ژێر ساباتێكی چكۆڵانەدا لە نزیك مووسڵ لە هێڵی پێشەوەی جەنگ بوون لە دژی تیرۆریستانی داعش، كەشوهەوا بە شێوەیەك سارد بوو كە باران دەباری و بە درێژایی شەو بەرگرییان لە خاكی كوردستان دەكرد و بەدەم جگەرە و بە شێوازێكی زۆر باش لە بەرگری وەستابوون. ئەوان وەك دایك لە خاكەكەیان دەڕوانی و زۆر بە باشی مەشق و راهێنانیان پێ كرابوو، لەوەیش گرینگتر باوەڕیان وا بوو كە وەك ناسراون كە ئەوان تا مردن بۆ پارێزگاریكردن لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەجەنگن".
داعش كە دەوڵەتێكی لە رووی ئیمكانیاتی سەربازی و چەكی قورس و داگیركردنی ڕووبەڕێكی زۆری خاك لە رۆژهەڵاتی ناوین و ژمارەی تیرۆریستانی كە زیاتر لە 200 هەزارە، بەهێزترین دەوڵەتی تیرۆرە لە جیهاندا، بەڵام ئەو دەوڵەتە كە خاكێكی زۆری لە سووریا و عێراق و شوێنگەلێكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوین داگیر كردوون، بەرانبەر ئیرادەی پێشمەرگە چۆكی دادا و وەك بووكەڵەیەكی بەفر لە نێو ئەو شوێنانەی كە لە بۆشایی سوپای عێراق بۆ هەرێم پێشڕەوییان كردبوو، توایەوە و بێ ورە بوون و رایان كرد و پاشەكشەیان كرد.
پێشمەرگەیەك بۆ فۆكس نیوز گوتوویەتی كە، "رۆژ دوای رۆژ زیاتر فێر بووین كە چۆن داعش تێك بشكێنین، ئێستا تێكشكاندنی داعش لای ئێمە بووەتە پیشە و بە شێوەیەكی زۆر خێرا ڕاویان دەنێین و رووبەڕوویان دەبینەوە".
تا ئێستا پێشمەرگە بە چەكی مامناوەند بەرانبەر تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكات، ئەگەرچی چەكی تیرۆریستان چەكی پێشكەوتوون و لەو كاتەدا دەستیان بەسەردا گرتن كە سوپای عێراق لە ژێر فەرمانی (مالیكی)ـدا بوو و ورەی رووخا و لە دەست داعش رایان كرد و چەكی ئەمەریكاییان جێ هێشتن، بەڵام باوەڕی پێشمەرگە زۆر لەو چەكانەی تیرۆریستان بەهێزترە.
هەروەك فۆكس نیوز ئاماژەی پێ كردووە، پێشمەرگە بەوە ناسراون كە تا مردن شەڕ دەكەن و بە باوەڕێكی بەرزەوە خاكەكەیان دەپارێزن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە چاوەڕوانی هاوپەیمانەكەیەتی كە ئەمەریكایە بۆ ئەوەی چەكی پێشكەوتووی بۆ بنێرێت.
ژمارەیەكی زۆری مێدیا جیهانییەكان لە 2014ـدا نووسیویانە كە پێشمەرگە سەلماندی ئازاترینی رۆژهەڵاتی ناوینە و لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات، بەڵام وەك فۆكس نیوز ئاماژەی كردووە، پێویستە ئەمەریكایش لە 2015 چەكی پێشكەوتوو بۆ پێشمەرگە رەوانە بكات.
فۆكس نیوز، پێشمەرگە بە شایەنی پڕچەككردن دەزانێت و نووسیویەتی كە "لە بەرژەوەندیی ئاساییشی ئەمەریكایە چ لە ئاست نێوخۆی و چ لە ئاست دەرەوەیدا چەكی پێشكەوتوو بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پڕچەكی بكات".
شاو كوردی

 

هەواڵی پەیوەندیدار