كۆبانی..80%-ی ئازاد كراوە و بەرەو گردی مشتەنوور پێشڕەوی هەیە.. 24 تیرۆریست كوژراون

كۆبانی-KDP.info- پزیشك و رائیدی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی (عێزەددین تەمۆ) رایگەیاند، پێشمەرگە و شەڕڤانان بەرەو گردی مشتەنوور لە پێشڕەویدان و لە ئێستایشدا 80%ـی كۆبانی ئازاد كراوە. جەختیشی كرد كە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 24 تیرۆریستی داعشیان كوشتوون.
پزیشك و رائیدی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی (عێزەددین تەمۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەمڕۆ شەڕ لە كۆبانی بەردەوامی هەیە و ئامانجی ئێمەی پێشمەرگە و شەڕڤانان ئێستا گرتنەوەی گردی مشتەنوورە لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە زۆر گرینگ و ستراتیژییە و شوێنێكی بەرزی شاری كۆبانییە، بۆیە ئەگەر ئەوێ ئازاد بكەین، ئەوا وەك ئەوە وایە تەواوی كۆبانی ئازاد كرابێت".
(عێزەددین تەمۆ) گوتیشی كە، "ئەو شەڕەی لە نێوان ئێمە و تیرۆرستانی داعشدا دەكرێت، زیاتر لە دەوروبەری گردی مشتەنوورە لە باشووری رۆژهەڵاتی كۆبانی و هەروا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كانی كوردانە.
(تەمۆ) دەربارەی كوژراوی تیرۆرستانی داعشیش زانیاریی دا كە، "دوێنێ 24 تیرۆریستی داعش لە كۆبانی كوژران و ئەمڕۆیش ژماریەكی زۆر كوژراویان هەن، بەڵام تا ئێستا وردەكاریی تەواومان بە دەست نەگەییشتووە".
ئاماژەیشی كرد كە، "وێڕای ئەوەی پێشمەرگە و شەڕڤانان بە هەماهەنگیی تەواو رووبەڕووی داعش بووینەتەوە، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكایش بۆردوومانی داعشیان كردووە و لە ئێستادا 80%-ی كۆبانی بە دەست ئێمەوەیە".
نەشوان بەرزنجی




