دەزگای خێرخوازیی بارزانی 30 هەزار لیتر نەوت و پێداویستیی دیكەی گەیاندە 2 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە
هەولێر-KDP.info- ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چیای شنگال بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی زستانە و پێداویستیی منداڵان بەسەر پەناخوازاندا دابەش دەكات، لەو میانەیشدا دوو كاروانی دیكەی پێداویستییان هاوكاری بەسەر زیاتر لە 2500 خێزانی پەناخوازدا دابەش كرد كە، لەسەر چیای شنگال و دەوروبەری و سنونێ و شێخ شەرەفەددینن.
ئەمڕۆ 3/1/2015 لە درێژەی كار و چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر چیای شنگال، لە چەندین هەڵمەتدا بەشێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی زستانە بەسەر پەناخوازاندا دابەش دەكات، لەوانەیش تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەری ساڵ و رۆژانی دواتردا هەستان بە دابەشكردنی 30.000 لیتر نەوت بەسەریاندا، هاوكات دابەشكردنی 54 تۆن ئارد و 36.000 بوتڵی ئاو لەگەڵ جلوبەرگی زستانەی منداڵان و پیاوان و ئافرەتان، لەو هەڵمەتانەدا زیاتر لە 2500 خێزانی پەناخواز لەسەر چیای شنگال و دەوروبەری چیاكە و ناحیەی سنونێ و شێخ شەرەفەددین سوودمەند بوون.
هەڵمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر چیای شنگال بۆ پەناخوازانی ئێزدی بەردەوام دەبن تا سەرجەم خێزانەكان لە كۆمەك و هاوكارییەكان سوودمەند دەبن.
زانكۆ محەممەد




