قەداسەتی پاتریك موڕان لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە پیرۆزباییان لە موسڵمانان كرد
هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) پێشوازیی لە قەداسەتی پاتریك (موڕان ئەغناتیووس ئەفرام)ـی دووەم سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئارتۆدۆكسی لە جیهان كرد كە بە یاوەریی (نیفای مەتران مار نیقودیمووس داود مەتی شەڕەف)، مەترانی مووسڵ و كوردستان و سریانی ئاڕتۆدۆكس و ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی سەردانی پارێزگیان كردبوو.
لەو سەردانەیاندا بە بۆنەی یادی مەولوودی پێغەمبەر (د.خ) پیرۆزباییان لە خەڵكی موسڵمانی شاری هەولێر كرد، هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێریان كرد لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی كە بە پەنابەر و ئاوارەكان كراوە، بە تایبەت ئاوارە مەسیحییەكان كە لە ترسی هێرشەكانی داعش ڕوویان لە هەولێر كردووە. هەروەها داوایش كرا كە هەماهەنگیی بەردەوام هەبێت بۆ زیاتر خزمەتگەیاندن بە پەنابەران.
لەو دیدارەیشدا قەداسەتی پاتریك پڕ بە دڵی سوپاسگوزاری هەموو هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بوون تایبەت بە خزمەتی پەنابەران، دوعا و نوێژیان كرد كە، هەرێمی كوردستان هەمیشە وەك لانەیەكی پڕ لە ئەمن و ئاساییش و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە.
جێی ئاماژەیە، هەریەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان (شوان شێخ ئەحمەد) و (ئومێد خۆشناو) ئامادەی ئەم دیدارە بوون.
كەنعان بەهادین




