ئەنوەر حاجی عوسمان: لە ههوڵی بەردەوامداین بۆ جێبەجێکردنی 21 بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان

ھەولێر ــ kdp.info ــ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتەکەیان لە خەباتدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو 21 بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان دەریکردوونە.
(ئەنوەری حاجی عوسمان) بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پاش دەرچوونی ئەو 21 بڕیارەی لەبارەی ھێزی پێشمەرگەوە، وەزارەت بە بەردەوامی لە خەباتدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە".
)ئەنوەر حاجی عوسمان)، ڕوونیشی کردەوە کە پرسی وەزارەتی پێشمەرگە، پرسێکی ھەستیارە و، پێویستە بە قۆناغ ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: "بەشێک لەو بڕیارانە جێبەجێ کراون و، بەشێکیشیان ماون؛ خەڵک بە سادەوساکاری باسی لێوە دەکات؛ خۆی وەزارەتی پێشمەرگە یەکخستنەوەی دەوێت و، ئێمەیش جارێ لەو لاوە لە شەڕداینە و، لەم لایشەوە قەیرانی دارایی بەرۆکی گرتووینە؛ بەغدا بوودجەی لێمان بڕیوە، بۆیە پێویستە ئەو کارە بە قۆناغ بێت تا شەڕەکە دەبڕێتەوە."
دیارە لە 22/10/2014ـدا، پەرلەمانی کوردستان 21 بڕیاری لەبارەی باشترکردنی بژێوی ژیانی ھێزی پێشمەرگە دەرکرد، لەوانه یەکەم وەزارەت مووچە وەربگرن و، مووچەکەیان بە قەد مووچەی ھێزەکانی ئاسایش و، ناوخۆی لێ بکرێت؛ دەرماڵەی مەترسیشیان بۆ ببرێتەوە؛ ھێزەکانی پێشمەرگەش یەک بخرێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




