کەوتنی مووسڵ، خەتای نووری مالیکی بوو؛ بەڵگەیشی لەسەر هەیە

مووسڵ ــ KDP.info ـ ئەندامێکی لیژنەی کەوتنی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەوانەی لیژنەکەی ئەوان بانگهێشتی کردوون ھەموویان بە ئاگاداریی (نووری مالیکی) کاریان کردووە و، بەڵگەیش بۆ ئەو مەبەستە ھەیە، بۆیە ئاخرییەکەی هەر ئەو تۆمەتباری سەرەکی دەردەچێت.
(شاخەوان عەبدوڵا)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و، لیژنەی کەوتنی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا سێ بەرپرسیان بانگهێشت کردووە بۆ لیژنەکەیان، بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیفادەکانیان، (نووری مالیکی)ـیان تۆمەتبار کردووە؛ چونکە ئەوان بەبێ ئاگادارکردنەوەی مالیکی ھیچ کارێکیان نەکردووە."
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی: "بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە لیژنەکەمان کۆ ببێتەوە، ئینجا بڕیار دەدەین چ بەرپرسێکی دیکە بانگهێشت بکەین بۆ لێکۆڵینەوە. خۆی ئێمە ھەندێک بەڵگەمان لە بەر دەستدایە و، ئەو سێ بەرپرسەیش ھەندێک بەڵگەیان لایە؛ ھەمووی دەکەینە یەک ڕاپۆرت، ئەو کاتیش دیار دەبێت کێ تۆمەتبارە."
دیارە لە مانگی حوزیرانی ڕابردوو سوپای عێراق، بەبێ تەقە پاشەکشەی کرد و، مووسڵیان چۆڵ کرد بۆ داعش؛ ئەوە بوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەکی دروست کرد بۆ ئەوەی ھۆکاری پاشەکشە بێتەقەکەی سوپای عێراق ڕوون بکاتەوە و، بزانێت کێ لێی بەرپرسیارە.
بڵند ئیبراھیم




