٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی موحەممەد (د.خ) راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) بە بۆنەی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌زن  موحەممەد (د.خ) پەیامێکی پیرۆرزبای ئاراستەی گشت موسڵمانانی جیهان و عیراق و موسڵمانانی كوردستان به‌تایبه‌ت کرد و، ئومێدی خواست ئەو بۆنە پیرۆزە دەرگەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان و ناوچەكە بكاتەوە و كۆتاییش بە زوڵم و توندڕۆیی و داگیركاری بێت و وڵاتەكەمان لە ئاسوودەیی و بەختەوەریدا بژییت.

دەقی پەیامی پیرۆزبای (سەرۆک بارزانی) بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر موحەممەد (د.خ)

بسم الله الرحمن الرحیم

به‌ بۆنه‌ی یادی له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری مه‌زنمان محه‌مه‌دولمسته‌فا (درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت) پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان و عیراق و موسڵمانانی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م.
هیوادارم ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌ ببێته‌ هانده‌رێكی تر بۆ چەسپاندنی هه‌موو واتا روحییه‌ به‌رزه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ دادوه‌ری و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتری خۆشویستن و رێز له‌ یه‌كتریگرتن، ڕیسواییش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە كە بە ناوی ئایین دڕندەترین ڕەفتاریان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە و هەوڵی تێكدانی بنەما پیرۆزەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدەن.
ئومێد دەكەم ئەو بۆنە پیرۆزە دەرگەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان و ناوچەكە بكاتەوە و كۆتاییش بە زوڵم و توندڕۆیی و داگیركاری بێت و وڵاتەكەمان لە ئاسوودەیی و بەختەوەریدا بژییت.

والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته

مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
11ی ره‌بیعولئه‌وه‌ل 1436ی كۆچی
2ی كانوونی دووه‌می2015ی زاینیی

هەواڵی پەیوەندیدار