حکوومەتی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە یە

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (ھیڤا میرخان) دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستانە و، ھەر کاتێک ئامادە بکرێت، بە مەبەستی پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی دەکات.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (ھیڤا میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەپێی زانیاریەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستانە و ھەرکاتێکیش ئامادەی بکات رەوانەی پەرلەمانی دەکەن.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمان گوتیشی، ساڵی رابردوو ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان داوای پڕۆژەیاسای بودجەمان لە حکوومەتی ھەرێم نەکرد، چونکە لە لایەن بەغداوە بودجەیان بۆ رەوانە نەکرابوو.
زیاتر گوتی، بەپێی یاسا ئەگەر تا مانگی چواری ئەم ساڵ حکوومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەکات، ئەو کات دەتوانین داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆمانی رەوانە بکات.
(ھیڤا میرخان )راشیگەیاند، ئەگەر بەغدا بودجەی ھەرێم رەوانە بکات، ھەرێمی کوردستانیش ئامادەی دەکات و بۆ پەرلەمانی رەوانە دەکات بە مەبەستی پەسەندکردنی.
ساڵی رابردوو بەھۆی ناکۆکی نێوان ھەرێم وبەغدا نەتواندرا پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکرێت، بەم ھۆیەشەوە بەغدا ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە نەکرد و ھەرێمی کوردستانیش تووشی قەیرانێکی دارایی بوو، بەڵام لەئێستادا رێککەوتنێک لەنێوان ھەرێم و بەغدا کراوە و ئەو رێککەوتنەش بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵە کە لەسەرتای ئەم مانگەوە رێککەوتنە کەوتووەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
بڵند ئیبراھیم




