بەغدا..یەکشەممەی داهاتوو لیژنەی دارایی پێوەست بە بودجە کۆ دەبێتەوە

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، (سەرحان ئەحمەد سەرحان) رایگەیاند کە، یەکشەممەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کۆ دەبێتەوە و، راپۆرتێک ئامادەدەکەین بۆ دانیشتنی 7-1-ی 2015 کە بڕیاروایە خوێندنەوەی دووەم لە دانیشتنی پەرلەماندا بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عیراق و ئەندامی لیژنەی دارایی (سەرحان ئەحەمەد سەرحان ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لەلایەن سكرتێری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاگادارکراینەوە کە کاتژمێر 12-ی نیوەڕۆی یەکشەممەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمان پیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کۆدەبیتەوە، ئەگەر چی ئیمە بۆچوونمان وابوو کە کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە بکرێت، بەڵام دواتر وا رێککەوتین کە رۆژی یەکشەممە بێت.
پێوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، (سەرحان) ئاشکرایکرد کە، گشت ئەو پێشنیار و بۆچوون و تێبینیانەی کە بۆ پڕۆژەیاسایی بودجە هەمانن دەیخەیەنە ڕوو و تاوتووی دەکەین، دواتریش دەیکەین بە راپۆرتێک بۆ دانیشتنی 7-1-ی 2015 کە بڕیار وایە خویندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.
جێی ئاماژەیە، لە 26 مانگی رابردوودا لە لایەن ئەنجوومەنی نووێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عیراق ئەنجامدرا و، پڕۆژەکە رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمان کرا و بڕیاریشە لە 7-1-ی 2015 خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە بکات.
نەشوان بەرزنجی




